کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەردە لەسەر کتێبی "لە ڤینێزۆلاوە هەتا کوردستان، نووسینەوەی چارەنووسێک" لا دەدرێت

12:12 - 18 رێبەندان 2725

کارۆل پرۆنهابێر نووسەر و ڕۆژنامەوانی ڤێنێزوئێلایی و دۆستی گەلی کورد و دوکتور قاسملوو، کتێبێکی دیکەی پێوەندیدار بە پرسی کورد لە ڕۆژ‌هەڵاتی کوردستان و دوکتور قاسملووی چاپ و بڵاو کردەوە.

بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕێبەندان، لە شاری سێگۆیای ئێسپانیا پەردە لەسەر نوێترین بەرهەمی کارۆل پرۆنهابێر نووسەر و ڕۆژنامەوانی ڤێنێزوئێلایی بە ناوی "لە ڤێنێزوئێلاوە هەتا کوردستان: گیڕانەوەی چارەنووسێک" لا بدرێت.

ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر ئەو کتێبە بڕیارە لەلایەن بەها دێموکراتیکەکانەوە بەڕێوە بچێت.

بڕیارە کەسایەتیی گرینگی جیهانی ئالوارۆ گیل ڕۆبێرز، چاوەدێر و کۆمیساری پێشووی مافی مرۆڤی ئورووپا بەشداریی ئەو ڕێوڕەسمە بکات.

لە بەشێکی ئەو بەرهەمە نوێیەی پرۆنهابێردا، بە تێروتەسەلی باس لە پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کەسایەتیی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو کراوە.

کارۆل پرۆنهابێر لە ساڵی ١٩٥٦ لە شاری کاراکاسی ڤێنێزوئێلا لە دایک بووە و بڕوانامەی دوکتورای لە زانکۆی پاریس وەرگرتووە.

ئەو خاتوونە نووسەر و ڕۆژنامەوانە لەژێر ناوی ڕۆژنامەوانی نێونەتەوەیی و هەواڵنێری دەرەوەی ڕۆژنامەیەک  لە مادریددا چالاکی کردووە.

ناوبراو لە ساڵی ١٩٨٠دا لە سەردانێکیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ دوکتور قاسملوو ڕێبەری گەلی کورد و سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکرات ئاشنا دەبێت.

پرۆنهابێر دوای ئەو سەردانە و ئاشنایی لەگەڵ دوکتور قاسملوو نووسیوەتەوە و کتێبێک بە ناوی "ڕۆئیای کوردستان" کە باس لە ژیان و تێرۆری دوکتور قاسملوو دەکات، چاپ و بڵاو کردەوە.