ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، کاک سەلیم ئیسماعیلی خەڵكی گوندی باغی بە هۆی چوونە سەری تەمەن و نەخۆشی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ناوبراو کوڕی بنەماڵەیەکی نیشتیمانپەروەر و خۆشناوی ناوچەی سەردەشت بوو کە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی و تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەڵگرتنی چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لەلایان زۆربەی خەڵکی کوردستان، لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی کردە شان و وەک زۆربەی تێکۆشەرانی حیزب بۆ دیفاع لە گەل و نیشتمان لە خزمەت حیزبەکەیدا بوو. ناوبراو سەرەتا لە لکی ٢ی هێزی شەهید موعینی دەستی بە تێکۆشان کرد و لە دوای پێکهاتنی هێزی شەهید مینەشەم لە بنکەی لکی یەکی شەهید محەممەد نستانی ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی ڕادەپەڕاند.
کاک سەلیم پێشمەرگەیەکی دڵسۆز، بەنەزم و خۆشەویستی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی بوو.
ناوبراو بە هۆی نەخۆشی و کزیی چاوەکانی لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لەسەر ئیزنی حیزب وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا و ژیانی ئاسایی خۆی دەست پێ کردەوە. ناوبراو تا کۆتایی ژیانی وەک کەسێکی تێکۆشەر و وەفادار بە حیزبەکەی مایەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.