کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ڕێژیمدا سەپاند

12:20 - 18 رێبەندان 2725

هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی دانوستانە ناوکییەکانی ئەمریکا و ڕێژیمی ئێران لە عومان، ئەمریکا چەندین کەشتیی نەوتی و ناوەندی پێوەندیدار بە هەناردەکردن و ڕاگواستنی نەوتی گەمارۆلەسەری ڕێژیمی سزا دا.

ڕۆژی هەینی ١٧ی ڕێبەندان، تامی پیگوت وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترامپ لە درێژەی گوشارە لانیزۆرییەکان دژ بە ڕێژیمی تاران، سزای زیاتری خستووەتە سەر هەناردەکردنی نەوتی نایاسایی و بەرهەمه پێترۆشیمییەکانی ڕێژیمی تاران.

هەروەها تامی پیگوت ڕایگەیاند: "ڕێژیمی ئێران بە جێگەی سەرمایەگوزاری بە مەبەستی باشترکردنی بژێویی خەڵکەکەی و ژێرخانە ئابوورییە داڕماوەکانی، سەرچاوەی ماڵیی شەڕ و ناسەقامگیریی سەرانسەری جیهان دابین دەکات و سەرکوتەکان زیاتر پەرە پێ دەدات".

١٥ ناوەند، دوو کەسایەتی و ١٤ کەشتی نەوتهەڵگری پێوەندیدار بە قاچاخکردنی نەوتی ڕێژیمی تاران لەنێو نوێترین پێڕستی سزاکانی ئەمریکادان.

لەو بەیاننامەدا باس لەوە کراوە کە ئەو کەشتییانەی سزا دراون هەڵگری ئاڵای تورکیە، هێند و چەند وڵاتی دیکە بوون.

ئەمریکا پێشتریش ڕۆژی هەینی ١٠ی بەفرانبار، دوابەدوای سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، چەند وەزیرێکی ڕێژیم و بەرپرسی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی سزا دا.