کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڕی دووەمی دانوستانە ناوکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران

15:40 - 18 رێبەندان 2725

گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، کە لە عومان بەڕێوە چوو بە ڕێکەوتنێکی سنوردار لەسەر بەردەوامیی دانوستانەکان، کۆتایی پێ هات.

لە درێژەی دانوستانەکانی ئێوان ئەمریکا و ئێران، لە ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندان کە لە مەسقەتی پایتەختی عومماندا بەڕێوە چوو، هەواڵدەریی "ئیرنا" ئاماژەی بە نیشانەکانی لێکتێگەیشتن لە میانەی گەڕی دووەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکادا کرد.

گفتۆگۆکان تیشکیان خستووەتە سەر بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی، کە ئەگەری هەیە ئێران بۆ ماوەیەکی درێژ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕابگرێت و لە بەرانبەریشدا ئەمریکا سزاکانی سەر ئێران هەڵ بگرێت.

هەروەها، میدیا ئیسرائیلییەکان باسیان لەوە کردووە کە هەر دوولا لە عومان نەگەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر چوارچێوەی دانوستانەکان.

ئەمە لەکاتێکدایە، کە ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا، لەبارەی سەرنەگرتنی گەڕی یەکەمی دانوستانەکان هۆشداریی دابوو کە لە ئەگەری سەرنەگرتنی دانوستانەکان، ڕێژیمی ئێران دەبێت چاوەڕوانی ڕووداوی خراپ بێت.

هەروەها بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە واشنگتۆن و تاران لەسەر پێویستیی "گرتنەبەری ڕێبازی دیپلۆماسی تا گەیشتن بە ئەنجام" ڕێک کەوتن و لە وتووێژەکاندا ڕێکەوتنێکی سنووردار لەسەر بەردەوامیی دانوستانەکان کرا.

جێی ئاماژەپێکردنە، پاش کۆتاییهاتنی دانوستانەکان، هەر دوو لا بۆ ڕاوێژی زیاتر گەڕانەوە پایتەختەکەیان و چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا گەڕەکی دیکەی دانوستانەکان بە شێوەیەکی چڕوپڕتر بەڕێوە بچێت.