
ئاسۆ مینبەری
لە ڕۆژانی ڕابردوودا بڵاوبوونەوەی بەرنامەیەک لە کاناڵی "افق"ی ڕێژیم کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. پێشکەشکارێکی حکوومەتی بە پرسیارێک و چوار بژاردەی بەردەم بێڕێزیی بە شەهیدانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە لە ئێران کرد و لەوپەڕی بێشەرمیدا خوێنی ڕژاوی خەڵکی ئازادیخوازی کردە هەوێنی گاڵتەجاڕییەک کە تەنیا شیاوی دەزگای پڕوپاگەندە و چەواشەکاریی ڕێژیمە.
ئەمە بوو بە بیانوویەک کە ئاوڕێک بدەینەوە لەو بەناو ژنانەش کە لە میدیای داگیرکەردا ڕۆڵ دەگێڕن و بە ڕانت و پێداهەڵگوتن چوونەتە خزمەت ئەم دەزگایەوە کە باڵێکی گرینگ لە پەرەدان بە ئیدئۆلۆژیی ڕێژیم و ئامرازێکی دیار لە شەڕی ڕەوانی و سەرکوتە. دەزگایەک کە ڕاستەوخۆ لەژێر چاوەدێریی خامنەییدایە و زمانحاڵی ڕێژیمێکە کە جگە لە سەرکوت و کوشتوبڕ، جگە لە سانسۆر و بڵاوکردنەوەی درۆ و چەواشەکردنی ڕاستییەکان هیچ شتیكی دیکەی پێ نەبووە.
زۆرن ئەو ژنانەی کە بە بیانووی دابینکردنی پارووە نانێک دەچنە ژێر سێبەری ئەم دەزگا زەبەلاحەوە و ئەبن بە بەشێک لە باسکی سەرکوت و پڕوپاگەندەی ڕێژیم، بەڵام ژمارەیەکیان هەن کە ئیتر سنوورەکانی خۆشخزمەتییان تێپەڕاندووە و لەوپەڕی ڕووهەڵماڵراوی و بێشەرمیدا، لە بەرانبەر خەڵکدا ڕاوەستاون و بەرگری لە ڕێژیمێک دەکەن کە لە کۆتاییەکەی نزیک بووەتەوە. دوو کەس لەو بەناو ژنانە کە لەم وتارەدا ئەمەوێ باسیان بکەم، ساڵانێکی زۆرە لە میدیاکانی ڕێژیمدا خەریکی خۆشخزمەتین و ئەوەی بۆیان کرابێ بۆ پارە کردوویانە، تەنانەت ئەگەر فرۆشتین کەرامەت و مرۆڤایەتیش بووبێ!
لە دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ژینا و سەرکوتی خەڵک لەلایەن ڕێژیمەوە، ژیلا سادقی یەکێک لە بەپێشینەترین پێشکەشکارە حکوومەتییەکان، بە بەرنامەیەکەوە بە ناوی "خط قرمز" هاتەوە سەر شاشەکان، ئەوەی کە لەم بەرنامەیەدا زیاتر سەرنجی خەڵکی ڕاکێشا نەک نێوەڕۆک و قسەی ئەم پێشکەشکارە بەڵکوو، شێوەی جلوبەرگەکەی بوو! ژیلا سادقی بەپێچەوانەی هەڵسوکەوتی باوی دەنگوڕەنگی ڕێژیم کە هەمیشە ڕەشپۆشیی بەسەر پێشکەشکارەکانیدا دەسەپاند و میدیایەک بووە کە هیچ نیشانەیەک لە خۆشی و ژیان و ڕووناکایی تێدا بەدی نەکراوە، ئەم ژنەی وەک بووکەڵەیەکی گوێڕایەڵ بە دوو مەبەست هێنایە سەر شاشە، یەکەم بەدرۆخستنەوەی چەقبەستوویی کۆماری ئیسلامی لەباری پۆششەوە ئەویش ڕێک دوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی لەلایەن گەشتی ئێرشادەوە و دووهەم ڕاکێشانی نەوەی z بۆ لای میدیای چەواشەکاری ڕێژیم! پێشکەشکارێک کە هەموو وزە و توانای خۆی خستووەتە کار تاکوو بە زمانی زبر و دوور لە پرەنسیپ، خەڵکی ناڕازیی سەر شەقامەکان بداتە بەر ڕەخنە و بڵێ خامنەیی تاوانباری ئەم دۆخە نییە و لەلایەکی ترەوە وڵاتانی زلهێزی وەک ئەمریکا بە دوژمن و هاندەری خەڵک بۆ ناڕەزایەتی ناو ببات لەکاتێکدا کە خۆی هاووڵاتیی وڵاتی ئەمریکایە!
ئەوەی کە ژیلا سادقی تا چەند لەم بەرنامەیەدا توانیویەتی لەمبارەوە خۆشخزمەتی بە ئیدئۆلۆژیی داسەپاوی ڕێژیم بکات، باسێکی دیکەیە بەڵام زەقبوونەوەی ئەم پێشکەشکارە و بوونی بە سووژە بابەتێکی دیکەیە. لە زۆر ڤیدیۆدا باسی لێ کرا کە خودی ئەم پێشکەشکارە کە بەو جلوبەرگەوە لە میدیادا دەردەکەوێ و چەواشەی ڕاستییەکان دەکات، لە ژیانی ئاسایی خۆیدا لە ئەمریکا لەوپەڕی ئازادیی پۆشیندایە و کە دێتەوە نێو ئەو جوغرافیایەی کە ئێرانی پێ دەگوترێت، کەسێکی دیکەیە. پرسێک کە ژینا ئەمینی بە هۆیەوە بوو بە قوربانی و بە سەدان هاووڵاتیی دیکەش شەهید و بریندار کران تاکوو کۆماری ئیسلامی بیسەلمێنێ کە لە قەتڵی ژینادا دەستی نەبووە! ئەم ژنە وەک یەکێک لە مۆرە دیارە حکوومەتییەکان زۆر جار سۆشیاڵ میدیای بە خۆیەوە خەریک کردووە کە ئەمەش بێگومان لە چوارچێوەی پرۆژەکانی ڕێژیم بۆ خافڵکردنی خەڵک لە ڕاستییەکانە. لە یەکێک لەو ڤیدیۆیانەدا کە هی ئەم دواییانەیە هێرش دەکاتە سەر دێکۆمێنتارێک لەسەر ژیانی تەرانە عەلیدووستی، ئەکتەری ئێرانی کە بە نووسینی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بە زمانی کوردی پشتیوانیی لە شۆڕشی ژینا کرد و ماوەیەکیش لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بوو. (هەڵبەت باسکردن لەو دێکۆمێنتارە لە چوارچێوەی ئەم وتارەدا ناگونجێ و نووسەری ئەم وتارە لەسەر ئەو دێکۆمێنتارە خوێندنەوەی تایبەتی خۆی هەیە) .
یەکێکی دیکە لەو پێشکەشکارە حکوومەتییانە ئێلمیرا شەریفیموقەدەمە کە ساڵانێکی زۆرە لە میدیای ڕێژیمدا خەریکی خۆشخزمەتییە و لەم دواییانەدا ڕوو لەو ئێرانییانەی کە پەڕیوەی دەرەوە بوون دەڵێن: "ژمارەیەک کەمتیار و گورگ کە لەودیوی سنوورن، تا شتێک دەبێ دەڵێن بەڵێ ئێمە پشتیوانی دەکەین و وەرنە مەیدان... ، پرس پرسی نێوخۆیی وڵاتە و خۆمان چارەسەری دەکەین و پێوەندیی بە ئێوەوە نییە" کە ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدواوە بوو و لە زۆر گرتەی ڤیدیۆییدا ڕەخنەی لێ گیرا
ئاکاری ئەم پێشکەشکارانە لە میدیاکانی ڕێژیم، نیشانەی ئاخرین بەرگرییەکانی ڕێژیمێک لە خۆیە کە دەزانێ گەیشتووەتە کۆتایی! ئەمانە تەنیا نموونەگەلێکن و بێگومان پێشکەشکاری لەم چەشنە لە میدیاکانی پارێزگاکان و بەتایبەت لە پارێزگاکانی کوردستانیشدا زۆرن؛ ئەوانەی کە گۆمی خوێنی کوردستان نابینن و تەنیا بیر لە پارەی گیرفانیان دەکەنەوە، دەبێ بیر لەوە بکەنەوە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە بەردەم دادگایەکی دادپەروەردا دەبێ وڵامدەر بن .