کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیادبوونی هەوڵە سیخوڕییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئەرتشی ئاڵمان

11:23 - 19 رێبەندان 2725

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان لە نێوان تاران و یەکییەتیی ئورووپا، دامەزراوە ئەمنییەتی و یاسادانەرەکانی ئاڵمان بەنیسبەت زیادبوونی چالاکییە سیخوڕییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئەرتش و ژێرخانە نیزامییەکانی ئەو وڵاتە هۆشدارییان دا و بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر تەناهی نەتەوەیی و سەقامگیری ئورووپا ناویان بردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی "یۆرۆنیووز"، ڕێکخراوی دژە سیخوڕیی نیزامیی ئاڵمان ڕایگەیاندووە کە دامەزراوەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی هێشتاش یەکێک لە ئەکتەرانی سەرەکی لە جێبەجێکردنی عەمەلیاتی سیخوڕی لە دژی ئەرتشی ئەو وڵاتەن.

بە وتەی وتەبێژی ئەو ڕیکخراوەیە، ئاستی ئەو هەڕەشانە تەنیا لە چالاکیی مەیدانیدا نەماوەتەوە و مەترسیی بەرچاوی لە سیخوڕیی سایبێری، لەوانە دزەکردنە نێو ئیمەیلەکان و تۆڕەکانی پەیوەندیدا هەیە.

لەو پەیوەندییەدا، فرێدریش مێرتس، سەرۆکوەزیرانی ئاڵمان پێشتر بە ئاماژە بە هەڕەشەی شەڕێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، داوای لە ئێران کرد کە کۆتایی بە کردەوە ناسەقامگیرکەرەکانی بهێنێت و وتی کە بێرلین ئامادەی زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر تارانە.

ڕێکخراوی ئیتلاعاتی نێوخۆیی ئاڵمان ڕایگەیاند کە چالاکانی سیاسی، ڕۆژنامەنووسان، دژبەرانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها دامەزراوە ئیسرائیلییەکان و جووەکان لەو وڵاتە دەکرێنە ئامانجی ڕێژیمی ئێران.

دەزگای ئیتلاعاتی نیزامیی ئاڵمان لەدوای ئەوەی کۆماری ئیسلامی لە کاردانەوە بە بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران، ئەرتشی تەواوی وڵاتانی ئەندام لە یەکییەتیی ئورووپای بە تێرۆریست ناساند، ئەو هەنگاوەی بە ‌هەڕەشەیەکی نوێ بۆ سەر دامەزراوەکان و هێزەکانی ئاڵمان ناو بردووە.