کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل باس لە کاردانەوەی توند بەرانبەر بە ڕێژیم دەکات

11:38 - 19 رێبەندان 2725

دێنی دانن نوێنەری ئیسرائیل لە وتووێژ لەگەڵ فاکس نیووز بە ئاماژە بە ئامادەیی بەرچاوی ئیسرائیل بۆ بەرگری و هێرش لە بەرانبەر هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی وتوویەتی کە؛ ئەگەر هێرش بکەنە سەرمان وڵامێکی زۆر ڕووخێنەرترمان بە بەراورد لەگەڵ شەڕی ١٢ ڕۆژە دەبێت.

ناوبراو بە ئاماژە بە بەگومان‌بوونی ئیسرائیل سەبارەت بە هەر چەشنە ڕێککەوتنێک لە نێوان ئەمریکا و ئێران وتوویەتی: ئێمە هیوادارین دانوستانەکان ئامانجێکی باشیان هەبێت بەڵام بەپێی ئەزموونی خۆمان و بەپێی لێکدانەوەکانمان لە ڕووداوەکانی دەیەی ڕابردوو، ئەوان شتێک دەڵێن و ڕێک پێچەوانەکەی جێبەجێ دەکەن.

دانن بە ئاماژە بەوەیکە شۆرای ئەمنییەت تا ئێستاش سپای پاسدارانی بە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی نەناساندووە وتی کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەبێت پشتگیریی زیاتری خەڵکی ئێران بکات.

دانن لە کۆتاییدا پشتگیریی ئیسرائیلی بۆ خەڵکی ئێران ڕاگەیاند و وتی ئاواتمان ڕۆژانێکی باش و ژیانێکی باشتر بۆ خەڵکی ئێرانە و دڵنیا بن کە ئەم ڕۆژە باشانە دوور نین.