بەرپرسانی ڕێژیم لە بەرزترین ئاستدا لە لێدوانی ناتەبادا سەرەڕای باسکردن لە چارەسەری دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان، هەڕەشەیان لە ئەمریکا کردووە.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ڕێژیم لە نوێترین لێدوانی لە کۆنگرەی میللیی سیاسەتی دەرەوەی ڕێژیم ڕایگەیاند کە جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەمریکا ئێمە ناترسێنێت، ئێمە ئامادەی شەڕین.
وەزیری دەرەوەی ڕێژیم لەو کۆنگرەیەدا لەبارەی بەرنامە ناوکی ڕایگەیاند: "ئێمە ئامادەی وڵامدانەوە بەو پرسەین و ئەو بابەتە تەنیا لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر دەبێت".
هەروەها عێراقچی باسی لە پێوەندی و هاوکارییەکانی ڕێژیم لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی کردووە.
ئەو لێدوانەی عێراقچی لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاندبوو کە ڕێژیمی تاران بەخێرایی بەدوای ڕێککەوتنەوەیە و لە شەڕ دەترسێت.
هەروەها چەندین جار ڕافائێل گروسی لەبارەی هاوکارینەکردنی ڕێژیمی تاران لەگەڵ ئاژانس هۆشداریی جیددیی دابوو.
دوایین دانوستانە ناوکییەکانی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی تاران ڕۆژی هەینی لە مەسقەتی پێتەختی عومان بێئاکام مایەوە و هەڕەشەی سەربازیی پێچەوانەی ئەو دوو وڵاتە بەردەوامە و ئەگەری شەڕێکی دیکە لە ئارادایە.