کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانپێدادانی کۆماری ئیسلامی بە سەرکوتی خوێناویی خۆپیشاندانەکانی بەفرانبار

12:15 - 19 رێبەندان 2725

سەرۆکی گشتیی ڕێکخراوی نیزام پزیشکیی ئێران بە فەرمی ڕایگەیاند کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباردا، زیاتر لە ٢٠ هەزار بریندار سەردانی ناوەندە پزیشکییەکانیان کردووە و زیاتر لە ١٠ هەزار نەشتەرگەری لەو پەیوەندییەدا ئەنجام دراوە.

محەممەد ڕەئیس‌زادە لەو بوارەدا ڕایگەیاند کە لە ڕەوتی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار نزیک بە ٢٥ هەزار بریندار بۆ ناوەندە پزیشکییەکان گواستراونەتەوە و لانیکەم ١٣ هەزار نەشتەرگەری لە سەرتاسەری ئێراندا ئەنجام دراون.

بە وتەی ناوبراو، زۆرترین بریندارەکان چاویان پێکراوە و لەدوای ئەو بریندارانی ئورتۆپێدی، گشتی و دەمارەکان زیاترین حاڵەتییان لەخۆ گرتووە و تەقەی ڕاستەوخۆ لە خوێنبەرەکانی دەست و پێ، سینگ و ڕان بووەتە هۆی کەمئەندامبوونی هەمیشەیی زۆرێک لە بریندارەکان.

ڕەئیس‌زادە زیادی کرد کە زۆرێک لە قوربانییان بە چەکی تەک‌تیرهاوێژ لە سینگ و ڕان و ئەندامانی سەرەکییان دراوە و ئەوە کاری کەسێکی ئاسایی نەبووە.

ناوبراو کە پێشتر سەرۆکی "ڕێکخراوی بەسیجی کۆمەڵگەی پزیشکی" بووە و وەکوو یەکێک لە مۆرەکانی ڕێژیم دێتە ئەژمار، لە ڕاستای ڕەوایەتەکانی ڕێژیم لە خۆپیشاندانەکان و بەبێ هیچ بەڵگەیەک، بەکارهێنانی چەکی گەرمی بۆ کەسانی دەورەدیتوو بۆ شەڕی ناوشار گەڕاندووەتەوە.

ئەو قسە بێبنەمایانەی بەرپرسانی ڕێژیم لەحاڵێکدایە کە بەڵگە، وێنە و ڤیدیۆیەکی زۆر لە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بڵاو بووەتەوە کە بە چەکی جەنگی و تەنانەت لە سەربانەکانەوە بەشێوەی ڕاستەوخۆ و دڕەندانە تەقە لە خەڵک دەکەن.

سەرۆکی گشتیی ڕێکخراوی نیزام پزیشکیی ئێران لەحاڵێكدا تەقە لە خۆپیشاندەران بۆ دژبەرانی ڕێژیم دەگەڕێنێتەوە کە خۆی پێشتر لە ڕۆژی ١١ی ڕێبەندان ڕایگەیاندبوو کە دەیان کەس لە پزیشکان و کادری دەرمان لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکان و بەهۆی چارەسەری پزیشکیی برینداران دەسبەسەر کراون.