کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی کەموێنەی نرخی کەرەستە پزیشکییەکان لە ئێران

16:21 - 19 رێبەندان 2725

نرخی کەرەستە پزیشکییەکان لە ئێران جارێکی تر بە شێوەیەکی کەموێنە زیادی کردووە و ئەوەش وای کردووە کە بەشێکی زۆر لە خەڵک دەستیان بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی ڕانەگات.

هەندێک لە پسپۆڕانی شارەزای کەرەستەی پزیشکی باسیان لە بەرزبوونەوەی سێنسۆرەکانی چاوەدێریکردنی شەکرەی خوێن و ئاستێنتی دڵ لە بازاڕی ئێراندا کردووە.

ئەسەدوڵڵا ڕەجەب، بەڕێوبەری ئەنجومەنی شەکرەی ئێران لەوبارەوە ڕایگەیاند کە ئەو سێنسۆرانەی تا دوو مانگ پێش بە ٥ تا ٦ ملیۆن تمەن دەست دەکەوتن، ئێستا نرخەکەیان گەیشتووەتە ١٠ بۆ ١٢ ملیۆن تمەن.

ناوبراو وتی کە زیاتر لە ١٢ ملیۆن نەخۆشی شەکرە لە ئێران ڕۆژانە پێویستیان بەو سێنسۆرانە هەیە و تەنانەت هەندێک لە نەخۆشەکان ڕۆژانە زیاتر لە جارێک دەبێ بەکاری بهێنن.

بەرزبوونەوەی نرخی کەرەستە سەرەکی و پێویستە پزیشکییەکان، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر شانی نەخۆشان و بنەماڵەکانیان و دەستڕاگەیشتن بە دەرمانیی کەمتر کردووەتەوە.

هەرەوها ئامێرەکانی سادەی دڵ و چاوەدێری نیشانەکانی ژیانیش بەرزبوونەوەیەکی بەرچاویان بەخۆوە بینی و ئێستا لە بازاڕی ئانلاین لە نێوان ٩ تا ٢٠ ملیۆن تمەن دەفرۆشرێن.

بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئامێر و کەرەستەکانی نەخۆشانی دڵ و شەکرە لەکاتێکدایە کە مەسعوود پزشکیان، سەرۆککۆماری ڕێژیم ڕۆژی ١٧ی ڕێبەندان ڕایگەیاند کە هەندێک فەرمان بۆ دابینکردنی بوودجە و ئەرزی ئەو کەرەستانە دەر چووە.