کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکوەزیرانی لوبنان: داماڵینی چەک لە حیزبوڵڵا درێژەی دەبێ

16:22 - 19 رێبەندان 2725

سەڕۆکوەزیرانی لوبنان لە سەردانی بەشە وێرانبووەکانی باکووری ئەم وڵاتەدا بەڵێنی نۆژەنکردنەوەی شار و گوندە هاوسنوورەکان لەگەڵ ئیسرائیلی داوە. ئەمە یەکەمین چاوپێکەوتنی ناوبراو لەم ناوچانە لە دوای تەواوکردنی قۆناغی یەکەمی گەڵاڵەی چەککردنی حیزبوڵڵایە.

نواف سەلام لە سەردانی شارەکانی تیرحەرفا و یارین، دۆخی ئەم ناوچانەی بە کارەساتی تەواو ناو بردووە.

ئەرتەشی ئەم وڵاتە وتوویەتی کە لە ئێستادا جگە لە بەشەکانی نزیک سنوور کە لەدەست ئیسرائیلدایە، کۆنتڕۆلی تەواوی ناوچەی باکووری ڕووباری لیتانیی لەدەستدایە.

بە وتەی بەرپرسێکی نیزامی، ئەم قۆناغە تایبەت بە جێگیربوونی هێزەکان، کۆکردنەوەی چەکوچۆڵ و سڕینەوەی تەقەمەنییە بەکار نەهاتووەکان بووە.

بەشێکی زۆر لە باکووری لوبنان زۆرتر لە یەک ساڵ دوای ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیلدا تا ئێستاش وێرانە و چۆڵ ماونەتەوە.

حیزبوڵڵا دوای شەڕی ساڵی پێشوو لەگەڵ ئیسرائیل زۆر لاواز بووە، بەڵام تا ئیستاش بە تەواوی چەکی لە ناوچەکانی دیکەی لوبنان دانەناوە، ئەمریکاش حیزبوڵڵای بە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساندووە، لەحاڵێکدا کە یەکیەتیی ئورووپا تەنیا لقێکی نیزامی لە حیزبوڵڵای سزا داوە.

 لوبنان لە مانگەکانی ئەم دواییانە هەوڵی داوە مەودای نێوان خۆی لەگەڵ ئێران بپارێزیت. یووسف ڕەجی وەزیری دەرەوەی لوبنان مانگی پێشوو باسی لە دەستێوەردانەکانی ئێران لە لوبنان و ناوچەکەدا کردبوو و جەختی کردەوە کە تاران بە سیاسەتەکانی ئێستای خۆی یەکێکە لە سەرچاوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچە و بەتایبەتی لوبنان.

چاوەدێری بە سەر چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، بە دەست کۆمیتەیەکی تێکەڵاو لە نوێنەرانی ئەمریکا، فەرانسە، لوبنان، ئیسرائیل و نەتەوە یەکگرتووکانە.