خوێندکاران لە زانکۆکانی ئێراندا خوازیاری ئازادیی کادری دەرمانی، پزیشک و پەرستارە دەسبەسەرکراوەکان بوون و لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە ناڕەزایەتیی دەردەبڕن.
کاناڵی خوێندکارانی یەکگرتوو لە زاری خوێندکارانی زانکۆی زانستی پزیشکیی شیرازەوە باسی لە ناڕەزایەتیی خوێندکارانی ئەو زانکۆیە کردووە.
ئەو کاناڵە ئاماژەی بەوە دا لەو ناڕەزایەتییەدا، خوێندکاران بە بەرزکردنەوە و وتنەوەی دروشمی جۆراوجۆر خوازیاری ئازادیی خێرای کادری دەرمانی، پزیشک و پەرستارە دەسبەسەرکراوەکانی مانگی بەفرانبار بوون.
زەقترین دروشمی ئەو ناڕەزایەتییە خوێندکارییە، "سوێند بە خوێنی یاران هەتا کۆتایی ڕاوەستاوین" بووە.
کۆمیتەی ئینزیباتیی زانکۆی زانستی پزیشکیی شیراز لە کاردانەوەیەکی تونددا داوای لە خوێندکارانی ناڕازی کردووە کە کۆتایی بە ناڕەزایەتی بێنن و داواکەیان بە شێوەی نامە ڕادەستی لایەنی پێوەندیدار بکەن.
ئەو ناڕەزایەتییەی خوێندکارانی زانکۆی زانستی پزیشکیی شیراز، زیاتر لە ٦ ڕۆژە بەردەوامە.
هاوکات لە زانکۆی هونەریی ئێران، زانستی پزیشکیی جوندی شاپوور، زانکۆی سەنعەتیی شاهروود، زانکۆی جوندی شاپووری ئەهواز و زانکۆی ئازادی تاران، خوێندکاران لە بەیاننامەیەکدا بەنیسبەت سەرکوتی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار ناڕەزایەتییان دەربڕی.