کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو لەبارەی دانوستانی ناوکی دوایین هۆشداریی دا

10:27 - 20 رێبەندان 2725

نووسینگەی بێنیامین نێتانیاهوو سەبارەت بە ئەگەری دووبارە دەسپێکردنەوەی دانوستانە ناوکییەکان دوایین هۆشداریی بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دا و پێداگریی لەسەر هێڵە سوورەکانی خۆی کردەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی بەفرانبار، نووسینگەی بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "هەر جۆرە دانوستانێک لەگەڵ ئێران، دەبێت پرسی سنووردارکردنی مووشەکی بالستیک لەخۆ بگرێت".

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە دانوستانی ئەمریکا لەگەڵ ڕێژیمی تاران نابێت تەنیا لە چەکی ناوکیدا قەتیس بمێنێتەوە، بەڵکوو سنووردارکردنی مووشەکی بالستیک و ڕاگرتنی پشتیوانی لە گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە بەشێک لە بابەتی دانوستانەکان بێت.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەسەر ئەوە بڕوایەیە کردەوەکانی ڕێژیمی تاران سەلماندوویەتی بەو بەڵێنییانەی دەیدات، دەروەست نییە.

لەو بەیاننامەدا ئاماژە بە مەترسییەکانی مووشکی بالستیک کراوە و هاتووە کە ئەو مووشەکانە نەک هەر ئیسرائیل، بەڵکوو وڵاتانی ئورووپاش دەخاتە مەترسییەوە.

پێشتریش نێتانیاهوو ڕاگرتنی تەواوی پیتاندنی ئورانیۆم، وەلانانی هەموو ئورانیۆمە پیتێندراوەکان، ڕاگرتنی بەرنامەی مووشەکی بالستیک و کۆتاییهێنان بە پشتیوانیی هێزە نیابەتییەکانی وەکوو هێڵی سووری ئیسرائیل لە دانوستانەکان دیاری کردبوو.

ئەو بەیاننامەی نووسینگەی بێنیامین نێتانیاهوو لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئۆباڵی هەر جۆرە شەڕێکی ناوچەیی و لێکەوتەکانی خستووەتە ئەستۆی تیلاڤیڤ و واشینگتۆن.

عەبدولڕەحیم مووسەوی سەرۆکی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەڕەشەی هێرشی سەربازی کردووە و ئامادەیی ڕێژیمی بۆ شەڕ دژی ئیسرائیل و ئەمریکای ڕاگەیاند.