کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم خۆپیشاندانەکانیان بە کوودتا ناو برد

11:38 - 20 رێبەندان 2725

محەممەد جەعفەر قائم پەنا جێگری پزشکیان سەرۆککۆماری ئێران خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی بە کوودتا ناو بردووە.

ناوبراو لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە بانگهێشتەکانی کاتژمێر ٩ بۆ ١٠ی شەو ناڕەزایەتی نین و کوودتان.

قائم پەنا لە دانیشتنێک لەگەڵ پاریزەران، جێگرانی سیاسی و بەرپرسانی نووسینگەی پێوەندییەکانی سەرۆککۆماری ڕێژیم ئەم قسەی کردووە و وتوویەتی کە لە سەرەتای شۆڕشی ٥٧ـەوە تا ئێستا هیچ بانگهێشتێک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە شەودا نە بووە و کاتژمێر ٩ بۆ ١٠ی شەو خۆپێشاندان نییە، کوودەتایە.

پێشتریش عەلی خامنەیی و پزشکیان ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەیان بە ئاژاوەگێڕی و خۆپێشاندەرانیان بە تێرۆریست ناو بردبوو.

لەم پێوەندییەدا غوڵامحوسێن مۆحسێنی ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای دادوەریی ڕێژیم بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە هیچ یەک لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار ئازاد ناکرێن.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم زیادی کردووە کە تۆمەتبارەکان و حوکمدراوەکانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە ناکەونە نێو لیستی لێخۆشبوون و نەرمینواندنی ٢٢ی ڕێبەندانەوە.