کۆبوونەوەی نائاشکرای مەجلیسی ڕێژیمی ئێران بە بەشداریی وەزیری دەرەوە و سەرۆکی ستادی هێزە چەکدارەکانی ڕیژیم بەڕێوە چوو و جارێکی دیکە پیتاندنی ئۆرانیۆمی سیفر ڕەت کراوە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕێبەندان، نۆینەرانی ڕێژیم لە مەجلیسی کۆماری ئیسلامی بە بەشداریی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و عەبدولڕەحیم مووسەوی، سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە کۆبوونەوەیەکی نائاشکرادا وتووێژەکان لەنێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکایان تاوتوێ کرد.
محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم لە کۆتایی ئەو کۆبوونەوە وتی: "ئێران پیتاندنی سیفر قەبووڵ ناکات و توانای مووشەکیش بەهیچ شێوەیەک جێی وتووێژ نییە".
عەباس عێراقچی و عەبدولڕەحیم موسەویش لەو کۆبوونەوەیە جارێکی دیکە دژایەتیی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دەستکێشانەوە لە پیتاندنی ئۆرانیۆمیان ڕاگەیاند.
قۆناغی نوێی گفتوگۆکان لە نێوان ئێران و ئەمریکا، ڕۆژی هەینی ١٧ی ڕێبەندان، دوای نزیکەی ٩ مانگ وەستان، بە بەشداریی عەباس عێراقچی و ستیڤ ویتکاف نێردراوی تایبەتی ترامپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جارد کوشنەر، زاوای سەرۆکی ئەمریکا دەستی پێ کرد.
کۆماری ئیسلامی دەڵێت گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا تەنها سنووردار بە دۆسییەی ناوکییە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن بەرنامەی مووشەکیی ئێران، پاڵپشتی لە گرووپە نیابەتییەکان و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ناڕەزاییەکانیش بەشێک لە بابەتەکانی گفتوگۆ لەگەڵ تارانن.