شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران ئاماری کارەستباری کوژرانی قوتابییانی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ئێران بڵاو کردەوە و لەوبارەوە نیگەرانیی دەربڕی.
ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕێبەندان، شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران باسی لە کوژرانی پتر لە ٢٠٠ قوتابی لە سەرانسەری ئێران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کردووە.
ئەو شۆرایە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرامدا نووسیویەتی: "ئەوانە منداڵ بوون، ژیانیان هەبوو، ئاواتیان هەبوو، بەڵام دەستێک ویستی لەنێویان ببات".
هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە کە "پۆلەکانیش ئیتر وەک پێشوو نین، پۆلەکان نیشانەی نەهاتنی قوتابییان نین، بەڵکوو وەبیرهێنەوەی تاوان و سیاسەتێکە کە منداڵانی لە پۆلەکانەوە گەیاندە گۆڕستانەکان".
محەممەد حەبیبی وتەبێژی ئەو شۆرایە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: "حکوومەت بە گولـلە وڵامی پرسیاری قوتابییانی دایەوە".
شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکان پێشتر باسی لە کوژرانی ٢٠ منداڵ لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباردا کردبوو.