کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی دەسبەسەرکرانی و ناڕوونی چارەنوسی هاووڵاتییان

16:53 - 20 رێبەندان 2725

لە درێژەی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییانی کورد لە شارە جیاوازەکانی کوردستان، چوار هاووڵاتی دیکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و تا ئێستاش چارەنوسیان نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "کوردپا"، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣١ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی "جەعفەر مەحموودی"، لاوی کوردی خەڵکی شاری "چەوار" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، تاکوو ئێستا زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەر دەستدا نییە.

ئەو هاووڵاتییە لەژێر ئەشکەنجەی وەحشیانەی جەستەیی و دەروونیدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژی خۆی بووە و بڵاوکردنەوەی ئەو دانپێدانانە لە دەنگوڕەنگی ڕێژیم ئەگەری دەرچوونی حوکمی قورس دژی ناوبراوی زۆر کردووە.

جەعفەر مەحموودی لە ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانبار بەبێ بەڵگەی یاسایی و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

لە هەمان ڕێکەوتدا، "سەجاد حیکمەت"، هاووڵاتیی خەڵکی "ئاودانان" لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

لە کاتی دەسبەسەرکرانەوە تاکوو ئێستا کە ٣١ ڕۆژ تێدەپەڕێ، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دۆخ و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

کوردپا هەروەها ڕایگەیاند کە "ئارش عەزیزی" مێرمنداڵی ١٦ ساڵانی کوردی خەڵکی گوندی "بوژان" سەر بە شاری "سیروان" لە ٢٨ ڕۆژ لەمەوبەر دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا چارەنوسی نادیارە.

ئەو مێرمنداڵە کوردە لە ڕۆژی ٢٤ی بەفرانبار بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

لە هەمان پەیوەندیدا، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٢ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "ئێلیاس جەوانمەرد" هاووڵاتیی ٣٨ ساڵانی خەڵکی شاری "لۆمار" سەر بە شاری سیروان، تاکوو ئێستا سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپای وت کە "ئێلیاس جەوانمەرد" ڕۆژی ٢٨ی بەفرانبار، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

شایانی باسە کە ئەو ٤ هاووڵاتییە کوردە لە کاتی دەسبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی هەر چەشنە پەیوەندیگرتن، چاوپێکەوتن و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراون.