کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی نزیک بە ١٠٠ خوێندکار لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار

16:55 - 20 رێبەندان 2725

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە کوژرانی ناڕازییان، وەزارەتی تەندروستی، ئاماری نوێی لەبارەی کوژرانی دەیان خوێندکار بڵاو کردووەتەوە کە تێڕوانینێکی نوێی بۆ ڕادەی سەرکوت و گوشارەکان دروست کردووە.

ئەگەرچی بەرپرسانی باڵای ڕێژیم، بەردەوام لە بڵاوکردنەوەی ئاماری ڕاستی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار، خۆیان بواردووە بەڵام جێگری فەرهەنگیی وەزارەتی تەندروستی، بۆ یەکەمین جار دانی بە کوژرانی لانیکەم ١٠٠ خوێندکار لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکاندا ناوە.

مەسعوود حەبیبی، جێگری فەرهەنگیی وەزارەتی تەندروستی ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕێبەندان، بە ئاماژە بە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان وتوویەتی "نزیک بە ١٠٠ خوێندکار لە ناڕەزایەتییەکاندا گیانیان لەدەست داوە و لەلایەن ڕێبەری ڕێژیمەوە بە شەهید ناسراون".

حەبیبی، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە بارودۆخی دەسبەسەرکراوان کرد و ڕایگەیاند، کە لە ئێستادا نزیک بە ٨ بۆ ٩ خوێندکار لە گرتووخانەکانی ڕیژیم ماونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی "هێرانا"، تا کۆتایی ١٨ ڕێبەندان، ژمارەی کوژراوان نزیک بە ٧ هەزار کەس ڕاگەیەندووە، کە لە نێوانیاندا منداڵی ژێر ١٨ ساڵ، کەسانی مەدەنی و ‌هێزی سەر بە ڕێژیمیش هەبوون.

هەروەها "هێرانا" باسی لە دەسبەسەرکرانی لانیکەم ٥٢ هەزار کەس کردووە کە ١١٢ کەس لەوانە خوێندکارن.

بە وتەی ڕزگاربووان، ‌‌بەرپرسانی ئەمنی و ئیداری، گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەکان کە کەسوکارە کوژراوەکانیان وەکوو "بەسیجی" و "شەهیدانی حکوومەتی" بناسن و لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی ئەم بڕیارەدا، لە وەگرتنەوەی تەرم و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی پرسە بێبەش دەبن.

ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی بەفرانبار، لەگەڵ سەرکوتێکی بێوێنە لە مێژووی ئێراندا بەروڕوو بوون، سەرکوتێک کە تاکوو ئێستا ڕاستییەکان بە شێوەیەکی تەمومژاوی لەلایەن بەرپرسانەوە باس دەکرین و کەلێنێکی گەورە لە نێوان گێڕانەوەی ڕێژیم و ڕاستییەکاندا دەردەکەوێت.