هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و کوردستان، ڕەشبگیرییەکانیش دەستیان پێ کردووەتەوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان لە کوردستان بێسەروشوێن کراون.
"ئومید ئەمانی"ی تەمەن ٣٠ ساڵان، خەڵکی کامێران و دانیشتووی تاران، لە سەرەتای مانگی ڕێبەنداندا و لەلایەن ١٢ کەس لە هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە، بە هێرشکردنە سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کراوە.
سەرەڕای تێپەرینی دوو حەفتە لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی ئەم هاووڵاتییە، تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی تۆمەتە وەپاڵدراوەکان، چارەنووس و شوێنی مانەوەی لەبەر دەستدا نییە.
"ئەحەد میهەنخا" کوڕی نوورەدین، لەدایکبووی ١٣٦٨و خەڵکی شنۆ، لە ڕێکەوتی ٤ی ڕێبەنداندا، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پاش تێپەڕینی زیاتر لە دوو حەفتە لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ئەم هاووڵاتییە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان، شوێنی مانەوە و چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
ئەم دوو هاووڵاتییە تاکوو کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، لە مافەکانی وەکوو دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەری کراون.