کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی هەڵکشانی نرخەکان و گوشار بۆ سەر سفرە و ژیانی خەڵک

11:19 - 21 رێبەندان 2725

لەحاڵێکدا بازاڕی ماشین لەگەڵ شەپۆلی نوێی هەڵکشانی نرخی بەرهەمەکانی کۆمپانیای سایپا بەرەوڕوو بووەتەوە، بازاڕی کاڵا سەرەکییەکانی ژیانیش بێبەش نەماوە و زیادبوونی نرخی برنج گوشارەکانی بۆ سەر خەڵک زیاتر کردووە.

کۆمپانیای سایپا بۆ جاری سێهەم لەمساڵدا، پێڕستی نوێی نرخی پایەی بەرهەمەکانی خۆی ڕاگەیاند و بەو پێیە نرخی کارخانەیی ماشینەکانی ئەو کۆمپانیایە بەشێوەی نێونجی ٢٥ بۆ ٣٥ لەسەد زیادیان کردووە.

هاوکات بازاڕی برنجیش لەگەڵ هەڵکشانێکی کەم‌وێنەی نرخ ڕووبەڕوو بووەتەوە و لەمساڵدا زیاتر لە ٢٠٠ لەسەد هەڵکشانی بەخۆی بینیوە و گەیشتووەتە نیو ملیون تمەن لە هەر کیلۆدا.

بەپێی ڕاپۆرتی "خانەی ئێقتساد"، پشکنینی نرخەکان لە فرۆشگاکانی ئانلاین نیشان دەدات کە نرخی هەندێک لە برنجەکانی ئێرانی گەیشتووەتە ٥٥٠ تا ٦٠٠ هەزار تمەن لە هەر کیلۆیەکدا.

ئەو ڕاپۆرتە هەروەها باس لەوە دەکات کە تەنانەت برینجی ٥ و ١٠ کیلۆیی بە چەند ملیۆن دەفرۆشدرێن کە ئەو هەڵکشانە بووەتە هۆی ئەوەیکە زۆرێک لە بنەماڵەکان ئیتر توانای کڕینی برینجیان نەمێنێت.

هەڵکشانی هاوکاتی ماشین و ماددە خۆراکییەکان، گۆشارەکانی هەڵاوسان لە هەموو بەشەکانی ئابووری ئێران نیشان دەدات و لەکاتێکدا مووچەکان لەگەڵ ئەو گرانییە زیاد ناکرێن، کەلێنی بژێوی خەڵک قووڵتر دەبێ و توانای کڕینی خەڵکی زیاتر لە جاران لاواز کردووە.