دامودەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی گوشار و هەڕەشەوە، هەندێک لە بنەماڵەی دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ناچار کردووە کە لە ڕێپێوانەکانی حکوومەتی بەشدار بن.
ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستیی پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات بە بنەماڵەی دەسبەسەرکراوانیان وتووە کە بەشدارییان لە ڕێوڕەسمەکانی حکوومەت دەبێ بە بەڵگە و سەلمێندراو بێ و وێنە و ڤیدیۆی بەشداریی خۆیان بۆ دامودەزگا ئەمنییەتییەکان بنێرن.
بەرپرسانی ئەمنییەتیی ڕێژیم هەروەها هەڕەشەیان کردووە کە ئازادبوونی دەسبەسەرکراوان، پێشگرتن لە سێدارە یان کەمکردنی حوکمەکان، تەنیا لە ڕێگەی قەبووڵ و جێبەجێکردنی ئەو فەرمانەیە.
ئەو هەڕەشانە دوابەدوای قسەکانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم هاتوونەتە ئاراوە کە داوای لە خەڵک کردبوو لە ڕێوڕەسمەکانی ڕێژیمدا وەفاداریی خۆیان نیشان بدەن.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە سەرەتای خۆپیشاندانەکان لە سەرتاسەری ئێران لە ٧ی بەفرانبارەوە تا ئێستا، زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس دەسبەسەر کراون و تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە و لەگەڵ دانپێدانانی زۆرەملێ، سزای قورس و تەنانەت سێدارەش بەرەوڕوون.