ئەرتشی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا دەسبەسەرکردنی ئەندامێکی باڵای گرووپی ئیسلامیی "الجماعه الاسلامیه"ی لە ئۆپەراسیۆنێکی شەوانەدا لە باکووری لوبنانی ڕاگەیاندووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سەربازانی هێزی ٢١٠ ی باشان سەر بە هێزی زەەمینیی ئیسرائیل، لەناو باڵاخانەیەک لە نزیک سنووری ئیسرائیل، ئەو کەسەیان دەسبەسەر کردووە.
ئەرتشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە ئەو زانیارییانەی لە چەند حەفتەی ڕابردوودا سەبارەت بەم ئەندامەی " الجماعه الاسلامیه" دەستیان کەوتووە لە کۆتاییدا بووەتە هۆی بڕیاری ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنە.
لقێکی نیزامیی ئەم گرووپە بە نێوی "هێزەکانی فەجر" کە لە دەیەی ١٩٨٠ دامەزراوە، لە شەڕی ئەم دواییانەی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، چەن جارێک لە لوبنانەوە ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج و زۆرجار بە هاواهەنگی لەگەڵ گرووپە نیابەتییەکانی ڕێژیمی ئێران ئەم هەوڵانەیان داوە.
ئەرتشی ئیسرائیل هوشداری داوە کە ئەم گرووپە ئیسلامییە لە کاتی شەڕدا پەرەی بە هێزی خۆی داوە و هەوڵ دەدات چالاکیی تێرۆریستی دژی ئیسرائیل و هاووڵاتییانی ئەنجام بدات.
لە لایەکی دیکەوە، "الجماعه الاسلامیه" بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە و ناسنامەی ئەندامە دەسبەسەرکراوەکەی بە ناوی عەتەوی ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی ئیسرائیل دوای دزەکردنە ناو ناوچەی حاسبیا و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ، ناوبراویان لە ماڵەکەی خۆی ڕفاندووە و لە بنەماڵەکەیان داوە.
ئەم گرووپە داوای لە حکوومەتی لوبنان کردووە کار بۆ ئازادکردنی عەتەوی و کەسانی دیکە بکات کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەسبەسەر کراون .