دامەزراوەی زانست و ئەمنییەتی نێونەتەوەیی بە ئاماژەدان بە نوێترین وێنە ماهوارەییەکان باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی تاران هەوڵ و ڕێوشوێنی تایبەتی بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئەمنییەتیی بنکە ناوکییەکان گرتووەتە بەر.
ڤیدیۆ و وێنەی ماهوارەییەکانی ڕۆژانی ١٩ و ٢٠ی ڕێبەندان دەری دەخات کە ڕێژیم ڕێگەی چوونەژوورەوە و دەرگای توونێلی بنکەی ناوکیی ئێسفەهانی ئاخنیوە و بە تەواوەتی بە خاک دایپۆشیوە.
ئەو وێنانە نیشان دەدەن کە بنکەی ناوکیی ئێسفەهان بە جۆرێک داپۆشراوە کە شاناساییکردنی ئاسان نەبێت.
ڕێژیم بەو هەوڵانەی دەیهەوێت، هەر جۆرە چوونەژوورەوە و سەردانێک بۆ ئەو بنکانە ئەستەم بکات و لە ئەگەری هێرشدا، زیانەکان کەم بکاتەوە.
دامەزراوەی زانست و ئەمنییەتی نێونەتەوەیی ئەو هەوڵە نوێیانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی وەکوو هەوڵێکی سیستماتیک بۆ خۆئامادەکردنی هەر جۆرە هێرشێک لە قەڵەم داوە.
پێشتریش نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران بەخێرایی، چەند کۆمەڵەیەکی پێوەندیدار بە بەرنامەی مووشەکە بالستیک و ناوکییەکانی خۆی نۆژەن کردووەتەوە.
بە وتەی کارناسان، زیاتر لە نیوەی ئەو بنکانەی کە لە شەڕی ١٢ی ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیلدا کرابوونە ئامانج، خەریکە نۆژەن دەکرێنەوە.
لە یازدەیەمین ڕۆژ لە شەڕی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیدا، ئەمریکا بە فڕۆکەی بی ٢ کە هەڵگری بۆمبی سەنگەرشكێن بوو، هێرشی کردە سەر دامەزراوەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئێسفەهان و بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاند کە بە تەواوەتی پرسی ناوکیی کۆماری ئیسلامییان لەنێو بردووە.
ئەم هەوڵەی رێژیم لە کاتێکدایە کە جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و هەڕەشەکانی دۆناڵد ترامپ، ئەگەری ڕووبەڕوونەوەی ئەمریکا و ڕێژیمی ئێران زیاتر لە هەموو کاتێک لە ئارادایە.