بەپێی ڕاپۆرتێکی کاناڵی "ئەلعەرەبیە"، ئەمریکا لەگەڵ پێشکەشکردنی زانیاریی هەواڵگری بە ئەرتشی لوبنان، داوای خێراکردنی هەنگاوە کردەیییەکانی دژی حیزبوڵڵا کردووە و جەختی لەسەر پێویستیی بەدەستهێنانی ئەنجامی خێرا و بەرچاو کردووەتەوە.
ئەم داواکارییە لە کاتێکدایە کە بەشێک لە ڕای گشتیی لوبنانیش چاوەڕوانن دەوڵەت و دامەزراوە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە، هەرچی زووتر هەنگاوی کاریگەر لەم بوارەدا بنێن.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەلعەرەبیە، هاوکات لەگەڵ زیادبوونی گوشارەکانی ئیسرائیل بۆ کردەوەی خێرا، هەڵوێستەکانی واشنگتۆن لە ڕواڵەتدا دژبەیەک دەردەکەون.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ ئەلعەرەبیە ڕایانگەیاندووە کە "کۆمیتەی مێکانیزم" چالاکە و ڕێک بەپێی ئامانجە دیاریکراوەکان کار دەکات.
بە وتەی یەکێک لەو بەرپرسانە، ئەمریکا نزیکەی دە ڕۆژ پێش ئێستا زانیاریی دەربارەی شوێنێکی گوماناوی لە باشووری ڕووباری لیتانی داوەتە ئەرتشی لوبنان کە دوای پشکنین، کۆگایەکی گەورەی تەقەمەنی دۆزراوەتەوە کە زیاتر لە ۳٤۸ سندووقی فیشەکی تێدا بووە.
سەرەڕای ئەمەش، دەوڵەتی لوبنان تا ئێستا بە فەرمی ئەم ئۆپەراسیۆنەی ڕانەگەیاندووە.
ئەمریکاییەکان جەخت دەکەنەوە کە ئاڵوگۆڕی زانیاری لە ڕێگەی ئەم کۆمیتەیەوە بووەتە هۆی دۆزینەوەی لانیکەم دوو بنکەی گەورەی حیزبوڵڵا لە باشووری لیتانی و هاوکاریی نێوان واشنگتۆن و بەیرووت لە دۆخێکی باشدایە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ناكۆكیی سەرەکی هێشتا لەسەر خێرایی پێشکەوتنەکانە، بابەتێک کە ئەمریکا داوا لە سپای لوبنان دەکات بە خێراییەکی زیاترەوە کاری لەسەر بکات.