سکرتێری گشتیی "خانەی پەرەستار"ی ئێران، دەسبەسەرکرانی ڕێژەیەکی زۆر لە پەرەستاران لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری لە سەرانسەری ئێراندا پشتڕاست کردەوە.
محەممەد شەریفی موقەدەم، سکرتێری گشتیی "خانەی پەرستار"ی ئێران باسی لە ڕەوتی دەسبەسەرکردنی پەرستاران لە شارە جیاجیاکانی ئێران لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە کردووە.
شەریفی موقەدەم ئاماژەی بەوە داوە کە زۆرترین ڕێژەی دەسبەسەرکراوان تایبەت بە شارەکانی تاران، ئێسفەهان و مەشهەدە.
ناوبراو پێداگرە لەسەر ئەوەی ڕێژەیەک لەو پەرستارانە لە دوای ناڕەزایەتییەکان دەسبەسەر کراون و ئەو ڕەوتەش هەتا ئێستا بەردەوامە.
سکرتێری گشتیی خانەی پەرستار وتوویەتی: "هەتا ئیستا هیچ ناوەندێک بەرپرسایەتیی دەسبەسەرکردنی پەرستارانی لەئەستۆ نەگرتووە".
ناڕوونیی چارەنووسی ئەو پەرستارانە و نەبوونی زانیاری لەسەر دۆخیان لە بەندیخانە، یەکێکی دیکە لە نیگەرانییەکانی خانەی پەرستار و هاوپیشەکانیانە.
ئەو ئامارە و نیگەرانیانە لەکاتێکدایە کە ڕێکخراوی نیزام پەرستاری پێشتر لە ڕاپۆرتیکدا ڕایگەیاند: "تەنیا ١٨ پەرستار بە تۆمەتی چالاکی لە دەرەوەی بازنەی تەندروستی بانگ کراون".
ڕەوتی دەسبەسەرکرانی پەرستاران هاوکاتە لەگەڵ کەمیی کادری دەرمانی، زۆربوونی کاتژمێری کارکردن و زێدەکاری، کەمیی حەقدەست، گوشاری دەروونی دەیان کێشە و گرفتی دیکە.
پێشتر عەباس عێبادی جێگری پەرستاریی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم بە ئاماژەدان بە هەڵهاتنی ٥٧٠ پەرستار لە ساڵی ١٤٠٤دا ڕایگەیاندبوو: "لە ئێراندا کێشەی کەمیی ١٠٠ هەزار پەرستارمان هەیە".
هەر بەو هۆیەوە لە ئەمساڵدا پەرستارانی ٣٥ شار و زیاتر لە ٦٠ نەخۆشخانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەهۆی چارەسەرنەکردنی کێشە و گرفتەکانیان ناڕەزایەتیی بەربڵاویان بەڕێوە برد.