کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا چەند بەرپرسێکی ڕێژیمی سزا دا

16:41 - 12 رێبەندان 2725

ئەمریکا ڕۆژی هەینی ١٠ی بەفرانبار ڕایگەیاند کە دوابەدوای سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا، گەمارۆی خستووەتە سەر چەند بەرپرسێکی ئێرانی. ئەم گەمارۆیانە وەزیری ڕێژیم و بەرپرسی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی گرتووەتەوە.

وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەو کەسانەی کە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، ئەسکەندەر مۆئمێنی، وەزیری ڕێژیمیان تێدایە کە چاوەدێری بەسەر  هێزی ئیتیزامیی کۆماری ئیسلامیدا دەکات کە ناوەندی سەرەکیی بەرپرسیار لە کوژرانی هەزاران خۆپیشاندەری ناڕازییە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، مەجید خادمی، بەرپرسی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانیش خراوەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە؛ ئەم ڕێکخراوە "بڕبڕەی پشتی هەڵمەتی سەرتاسەریی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ نواندنی توندوتیژیی بەربڵاو و دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و ترساندنی ناڕەزاییانی خەڵکی ئێرانە".

مەجید خادمی دوابەدوای کوژرانی محەممەد کازمی، بەرپرسی پێشووی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران کە لە هێرشەکانی ئیسرائیل لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا کوژرا، ئەم بەرپرسایەتییەی وەرگرت.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، بابەک زنجانیشی وەک بازرگان و تاکێک کە ڕۆڵی لە دەوردانەوەی گەەمارۆکاندا هەبووە سزا داوە. هەروەها دوو شوێنی ئاڵوگۆڕی دراوی تۆمارکراوی ناوبراویش لە بریتانیا خراونەتە لیستی سزاکانەوە.

سکات بسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە بەئامانجگرتنی چینی دەسەڵاتداری ئێران و لقەکانی، کە بە وتەی ئەو بۆ دەربازبوون لە سزاکان و دابینکردنی بوودجە بۆ ئۆپەراسیۆنە ئەلیکترۆنییە تاوانکارییەکان سەروەت و سامانی دیجیتاڵی بەکار دەهێنن، بەردەوام دەبێت.

وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا دەڵێت زەنجانی بۆ سپیکردنەوەی پارە لە بەرژەوەندی ڕێژیمی ئێراندا لە زیندان ئازاد کراوە و لە دابینکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ پڕۆژە گەورەکان کە هاوکاریی سپای پاسداران و کۆماری ئیسلامی بەگشتی دەکەن بەرپرسیار بووە.

ڕۆژی شەممە، جگە لە زیادکردنی سپای پاسداران بە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان، یەکیەتیی ئورووپا، ٢١ دامەزراوە و کەسایەتیی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی بە هۆی ڕۆڵی سەرەکی لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار و ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیە، سزا دا.