کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەگبەی شاخ و شۆڕش (شەهید فەتاح عەبدولی)

10:22 - 22 رێبەندان 2725

برایم چووکەڵی

هەرکات بیر لە ژیانی تێکۆشەران، پێشمەرگە و فەرماندە و کادرە شەهیدەکانی نەتەوەکەمان دەکەینەوە، وه‌بیر پاڵەوانی چیرۆکەکان، وه‌بیر کەسایەتی و کاراکتەرەکانی ڕۆمانەکان دەکەوینەوە. دیارە نەک ئەو لایەنەی لەو ڕۆمانانەدا، پاڵەوانەکە لە سەرووی ئینسانەکاندا هەڵسوکەوت دەکات، بەڵکوو ئەو لایەنەی کەسایەتییەکە سەرەتا شەخسییەتێکی سادە و سروشتیی هەیە، بەڵام بە تێپەڕینی زەمان وردەوردە دەبێتە کەسایەتییەک کە شوێندانەر دەبێت و بەرپرسایەتیی گەورەی دەکەوێتە سەرشان.

شەهید فەتاح عەبدولی لە ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی لە گوندی "وەزنێ"ی ناوچەی سندووسی نەغەدە لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێشدا چاوی بە دنیای پڕ لە کوێرەوەری هەڵێنا. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە پێشدا لە زێدەکەی و دوایە لە شاری نەغەدە تەواو کرد. بە دەستپێکردنی ڕاپەڕینی پڕشکۆی نەتەوەکانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧، دژی ڕێژیمی پاشایەتی، فەتاح وەک زۆر لە لاوانی کوردستان پێی نایە مەیدانی سیاسەت و بڕیاری دا ژیانی لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتدا بۆ خەبات و تێکۆشان لەپێناوی ڕزگاریی هاونیشتمانانی لە بێ مافی و ژێرچەپۆکی و دیکتاتۆری تەرخان بکات.

فەتاح زۆر بەباشی دەیتوانی تێگەیشتن و تایبەتمەندییە شۆڕشگێڕانەکانی تێکەڵاوی کاری بەکردەوە بکات و لە ڕەوتی تێکۆشانی حیزبیدا خۆی پێ بگەیەنێت و کارامە بێت. لە یەکەم دەورەی پێگەیاندنی کادردا بەشداریی کرد و لە سەرەتای ساڵی ١٣٥٩ وەک کادرێکی هەڵسووڕ و لێوەشاوە لە ڕیزەکانی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتدا جێی خۆی کردەوە. ئەو لە ژیانی حیزبایەتیدا بە هەموو هەست و توانا و فیداکارییەوە تێکۆشا و بە لێهاتووییەوە پلەکانی سەرکەوتن لە ئەرکە حیزبییەکانیدا یەک لەدوای یەک بڕی و لە ماوەی ١٤ ساڵ تێکۆشانی شۆڕشگێڕانە و ئازایانە و لەخۆبردووانە لەنێو حیزبدا، زۆر بەرپرسایەتیی جۆراوجۆری وەئەستۆ گرت، کە لێهاتوویی خۆی لە بەجێگەیاندنیاندا نیشان دا.

فەتاح عەبدولی لە یەکەم کۆنفڕانسی ڕێکخراوی کۆمیتە شارستانی نەغەدەدا بە ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی نەغەدە هەڵبژێردرا و بەدوای بەشداری لە کۆنگرەی ٥ی حیزب بۆ ماوەیەک وەک بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی نەغەدە دیاری کرا. لە کۆنگرەی ٦ی حیزب وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و پاشان لە سازماندەهی تازەدا وەک بەرپرسی کۆمیتە شارستانی سنە دیاری کرا. لە کۆنگرەی ٧ی حیزبیشدا بۆوە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسایەتیی کۆمیتەی مەڵبەندی یەکی جنووبی کوردستان (سنە، مەریوان و کرماشان)ی کەوتە سەرشان. هەروەها ماوەیەکیش بەرپرسی کۆمیتە شارستانی سەردەشت بوو.

شەهید کاک فەتاح لە کۆنگرەکانی هەشت و نۆدا سەرلەنوێ وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرایەوە. ساڵی ١٣٦٨ بەدوای شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو و کاک عەبدوڵڵای قادری ئازەر، لە لایەن کۆمیتەی ناوەندیی حیزبەوە ئەرکی نوێنەرایەتیی حیزبی لە دەرەوەی وڵاتی کەوتە سەرشانی و هەتا کاتی شەهیدبوون ئەو ئەرکەی بەڕێوە برد. شەهید فەتاح  عەبدولی ڕووناکبیرێکی شۆڕشگێڕ و تێکۆشەرێکی شێلگیری ڕێگای ڕزگاریی نەتەوەکەی بوو، و بە ئیمانەوە و لە بەجێگەیاندنی ئەرکی حیزبی و کارکردن لەناو خەڵکدا ماندوویی نەدەناسی. کەسێکی لەسەرەخۆ، وردبین و باوەڕبەخۆ بوو. بەهۆی تایبەتمەندییە شۆڕشگێڕانە و ئەخلاقییە بەرچاوەکانی لەنێو ڕیزکانی حیزبدا زۆر خۆشەویست بوو. شەهید فەتاح وەک کادرێکی لێوەشاوە و لێهاتوو، بە ئیمان و ورەیەکی پتەو، تێکۆشانی هەرچی زیاتری لە ڕێبازی حیزبەکەیدا هەنگاوی دەنا و تا دوا کاتەکانی ژیانی خۆی بە ئامانجە پیرۆزەکانی حیزب و نەتەوەکەی وەفادار مایەوە.

ڕۆژی ٢٦ی خەرمانانی ساڵی ١٣٧١ لە پیلانێکی تێرۆریستیدا و لەکاتێکدا کاک فەتاح عەبدولی لە هاوڕێیەتیی سکرتێری حیزب دوکتور سادق شەرەفکەندی و کاک هومایۆن ئەردەڵان سەرقاڵی جێبەجێکردنی کارە دیپلۆماسییەکانیان بوون، لەلایەن تیمێکی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی لە ڕێستۆرانی "میکۆنۆس" درانە بەر دەستڕێژ شەهید بوون.

ئەگەرچی حیزبی دێموکرات بە شەهیدبوونی ئەو تێکۆشەرانە زەربەیەکی قورسی خوارد، بەڵام ڕێبوارانی ئەو ڕێبازە ڕێ‌وڕێبازی ئەوانیان بەر نەدا.

نەغەدە ئەی بەگوڕی خوێنینم،

لانی سەربەرزی ئەوین و ژینم

 

قارەمانی تۆ، شەهید کرمانجی،

گیانی بەخشیوە لە ڕێی ئامانجی

 

عومەری سامی، حەسەن چەوساوە،

ئەی سولەیمان و شکاکی کاوە

 

شێری چارشێوبەسەری کوردستان،

عەلی پیرۆتی سەری سەربەستان

 

حیکمەتی کوردی نەبەز، مەحموودخان،

ئەی فەتاحی عەبدولی پڕ ئیمان

 

ئێوە کاروانی ورە و ئیمانن،

مەشخەڵی ڕوونی خەباتی مانن

 

ئێوە شێرانی گەلی بێ خەوشن،

لە دڵی مێژوو چ جوان دەدرەوشێن