کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا لە سزادانی حیزبوڵڵا بەردەوامە

11:03 - 22 رێبەندان 2725

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا بە مەبەستی سنووردارکردنی چالاکیی ماڵیی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم لە ناوچەکە، لە نوێترین هەوڵدا، چەندین تۆڕی ماڵی و سەرچاوەی داهاتی حیزبوڵڵای سزا دا.

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕێبەندان، نووسینگەی کۆنتڕۆڵی داراییە دەرەکییەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند: "ئەو هەوڵە بە ئامانجی بڕینی دوو ڕێگەی سەرەکیی دابینکردنی سەرچاوەی ماڵیی حیزبوڵڵا گیراوەتە بەر".

ئامانجی یەکەم؛ بڕینی ئەو داهاتەیە کە لە ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت و ئامانجی دووەم؛ ئەو داهاتانەیە کە لە سەرچاوە ماڵییە ئابوورییەکانی لوبنانەوە دابین دەبن.

سکات بێنست، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لەو بەیاننامەیەدا، حیزبوڵڵای وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە لە قەڵەم دا.

شیرکەتی "جوود" کە ئەرکی نەختکردنەوەی پاشەکەوتی زێڕی ئەو گرووپەی لە ئەستۆ بوو، لە پێڕستی سزادراوانی ئەمجارەی ئەمریکادایە. 

هەروەها لەو پێڕستەدا، کەسێکی خەڵکی ڕووسیە بە ناوی ئاندری بووریسۆف کە بە وتەی ئەو وەزارەتە لە دابینکردنی کەرەستەی جۆراوجۆر، بازرگانی و مامەڵەکردن لەگەڵ حیزبوڵڵادا ڕۆڵی هەبووە، سزا دراوە.

  لەو سزا نوێیانەدا دوو شیرکەتی کەشتیڕانی و چەندین کەشتی کە بە ئاڵای وڵاتانی دیکەوە کەلوپەل و کاڵایان بۆ حیزبوڵڵا ڕاگواستووە، بەدی دەکرێت.

ئەو سزایانەدا، زۆربەی سەرچاوە ماڵییەکانی ئەو گرووپەی لەخۆ گرتووە کە لەلایەن ڕێژیمی تارانەوە دابین دەکرا.

 پێشتریش ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی خەزەڵوەر سێ ئەندامی حیزبوڵڵای خستە نێو پێڕستی گەمارۆکانەوە کە بە گواستنەوەی پارە بۆ دابینکردنی دارایی چالاکییەکانی حیزبوڵڵا تۆمەتبار کرابوون.

 ئەو سێ ئەندامەی حیزبوڵڵا بە ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی دەیان میلیۆن دۆلار لە ئێرانەوە بۆ ئەو گرووپە لە ساڵی ٢٠٢٥ لە ڕێگەی سەڕافییەکانەوە تۆمەتبار کرابوون.