کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی دوو شەهیدی کوردستان لە بۆکان

11:56 - 22 رێبەندان 2725

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕێبەندانی١٤٠٤ی هەتاوی دایە ئایشێ ڕەحمان پوور، دایکی دوو شەهیدی ڕێگای ئازادی و ڕزگاریی کوردستان بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە ئایشێ ڕەحمان پوور خەڵکی ئاوایی پاشبڵاغ سەر بە ناوچەی پیرمحەممەدی بۆکان بوو.

کوڕێکی دایە ئایشێ بە ناوی نادر حەمەمورادی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کوڕەکەی دیکەشی بە ناوی تاهیر حەمەمورادی کە پێشمەرگەی یەکیەتیی نیشتمانی بوو لە ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەری ١٣٦٣ لە کاتی چوونەوە بۆ سەردانی بنەماڵەکەیان لە ئاوایی پاشبڵاغ لە نزیک ئاوایی کەوتنە کەمینی جاش و پاسدارەکانی گرووهی زەربەتی بۆکان و پاش شەڕێکی قارەمانە و بەرگرییەکی بێوێنە هەردووکیان شەهید بوون.

دایە ئایشێ ژنێکی نیشتمانپەروەر، پێشمەرگەپەروەر، حیزبدۆست  و زەحمەتکێش و لە هەمان کاتدا کەسایەتییەکی دیاری ناوچەی پیرمحەممەد و شاری بۆکان بوو.

دەرگای ماڵی دایە ئایشێ لە سەردەمی خەباتی چەکداریدا هەمیشە بە ڕووی پێشمەرگە و کادرەکانی هێزی بەیاندا ئاوەڵا بوو.

​ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.