کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەفەری ئورووپاییی مارکۆ ڕۆبیۆ بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی ئەمنییەتیی مونیخ

12:19 - 22 رێبەندان 2725

مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵادا بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی ئەمنییەتیی مونیخ بەرەو ئاڵمان بەڕێ دەکەوێت و دوای ئەوە سەردانی سلۆڤاکی و مەجارستان دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕێبەندان بە ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە زیادی کرد کە ئەم سەفەرە لە قۆناغێکی هەستیاری پەیوەندییەکانی دوو لایەنی زەریای ئەتڵەسدا ئەنجام دەدرێت.

ئەو سەفەرە لەکاتێکدایە کە واشنگتۆن و هاوپەیمانە ئورووپاییەکانی لەگەڵ بێ‌متمانەییەکی ڕوو لە گەشە لە بوارەکانی ئەمنییەت، ئابووری و داهاتووی پەیمانی ناتۆدا بەرەوڕوون و چاوەڕوان دەکرێت ئەم کەشە ئاڵۆزە سێبەر بخاتە سەر وتووێژەکانی کۆنفرانسی مونیخ.

هەروەها شەڕی ڕووسیە و ئۆکراین کە لە بەرەبەرەی چوونە ناو پێنجەمین ساڵی خۆیدایە و گرژییەکانی پەیوەندیدار بە ئێران، لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان دەبن.

ئامادەبوونی ڕۆبیۆ لە ڕۆژانی ٢٤ تا ٢٦ی ڕێبەندان بە سەفەرێکی دوو ڕۆژە بۆ براتیسلاڤا و بوداپێست بەردەوام دەبێت کە نیشاندەری سەرنجی دەوڵەتی ترامپ بۆ ئورووپای ناوەڕاست لە دۆخی بێ‌متمانەیی ستراتێژیدایە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە لە سلۆڤاکی جەخت لەسەر بەهێزکردنی هاوکارییە ئەمنییەتییە هەرێمییەکان و پەرەپێدانی پڕۆژە ناوکییەکان دەکاتەوە و لە مەجارستانیش، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ململانێ نێودەوڵەتییەکان تەوەری وتووێژەکان دەبن.