ڕاپۆرتی پێوەری جیهانیی گەندەڵی سەر بە ڕێکخراوی ڕوونکاریی نێونەتەوەیی دەری دەخات کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو بە یەکێک لە گەندەڵترین وڵاتانی جیهان بە ئەژمار دێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی ڕوونکاریی نێونەوەیی و ئامار و داتای ئەو ڕێکخراوەیە، ڕێژیمی ئێران لە کۆی ١٨٣ وڵاتدا لە ڕیزبەندی ١٥٣ـەمین وڵاتانی گەندەڵی جیهاندایە.
داتاکانی ئەو ڕێکخراوەیە باس لەوە دەکەن کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەو پێوەرەدا، هاوپلەی لوبنان، ئێسواتینی و کۆنگۆیە.
لە پێوانەی ئەو ڕێکخراوەدا، ژمارەی ١٠٠ نیشانەی کەمترین ڕێژەی گەندەڵی و سیفر وەک زۆرترین ڕێژەی گەندەڵی هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت.
ڕێژیمی ئێران لەو هەڵسەنگاندنەدا، ژمارەی ٢٣ی هەیە و ئەوەش دەرخەری ئەوپەڕی گەندەڵیی پێکهاتەیی، ئیداری، ئابووری و ناکارامەیی بەڕێوەبەری ئەو ڕێژیمە نیشان دەدات.
دانمارک لە پلەی یەکەمی پاکترین وڵاتانی جیهان و هەر کام لە وڵاتانی فینلاند و سەنگاپوور بە ڕیز لە پلەی دووەم و سێیەمی ئەو ڕیزبەندییەدان.
هەروەها نیووزلەند، نۆروێژ بە هاوبەش لە پلەی چوارەم و سوید و سویس لە پلەی پێنجەمدان.
هەرکام لە وڵاتانی سوودان، ئێریترە، لیبی، یەمەن، ڤێنزۆئێلا، سوومالی، سوودانی باشوور و ئێران وەک گەندەڵترین وڵاتانی جیهان دیاری کراون.
پێوەری گەندەڵی کە هەموو ساڵێک لەلایەن ڕێکخراوی ڕوونکاریی نێونەتەوەییە دەر دەکرێت، باوەڕپێکراوترین ڕیزبەندیی جیهان لە بواری پێوانەی پێوەری گەندەڵییەوە بە ئەژمار دێت.
هەروەها سەرچاوەی گەندەڵی، داتا و ئاماری ئابووریی وڵاتان لەلایەن بانکی جیهانی، کۆڕی جیهانیی ئابووری و دەیان دامەزراوەی دیکەوە دەدرێت بە کارناسان و چالاکانی بواری ئابووریی ئەو ڕێکخراوەیە و لە ئاکامدا هەڵسەنگاندنی کۆتایی بۆ دەکرێت.