بانگەواز
ڕۆژی ٢١ی فێوریە (٢ی ڕەشەممە) کە بە ڕۆژی جیهانیی زمانی زگماکی (دایک) ناودێر کراوە، دەکەینە دەرفەتێک بۆ داکۆکیکردن لە زمانی نەتەوەییمان (زمانی کوردی) و، بە وەڕێخستنی کەمپەینێک هەوڵی پاراستن و پەرەئەستاندنی دەدەین.
هەرچەند لە سایەی زیاتر لە سەدەیەک خەبات و تێکۆشانی میللەتی کورد لە بەشێک لە نیشتمانەکەمان کوردستان (هەرێمی باشووری کوردستان)دا چەند دەیەیە زمانی کوردی وەک یەکێک لە زمانە فەرمییەکانی دەوڵەتی فیدراڵی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خوێندن و نووسینی ئازادە و بە دەیان دامەزراوە و ئاکادیمیای لە پشتە، بەڵام بەداخەوە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و یەک لەوان ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زمانەکەمان تا ئێستاش قەدەغە و قۆرغ کراوە.
سەرەڕای زەوتکردنی خوێندن و نووسین و بەفەرمینەناسینی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەردەوامیی سیاسەتی سەرکوت و نکۆڵیکردن لە هەر دوو ڕێژیمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا، دیسانیش بە هەوڵ و هیمەت و مایەلەخۆدانانی نووسەران و شاعیران و ئەدیبان و ناوەندە فێرکارییەکانی زمانی کوردی و ناوەندەکانی دیکەی فەرهەنگی لە کوردستان، زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەتەنیا مەترسیی فەوتان و لاوازبوونی لەسەر ڕەویوەتەوە، بەڵکوو لە گەشە و پەرەئەستاندندایە.
بۆیە ئێمە وەک ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕاوێژ لەگەڵ کۆمەڵێک لە کەسایەتی و ڕێکخراوەکانی تایبەت بەو بوارە لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، ئەمساڵ بە مەبەستی هەوڵی زیاتر لەپێناو پاراستنی زمانی کوردی و ڕێزگرتن لە هەوڵ و هیمەتی دەیان ساڵەی پارێزەرانی زمانەکەمان، لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی زمانی زگماکیدا، کەمپەینێکمان بە دروشمی "زمانی من، ناسنامەی منە" وەڕێ خستووە.
بەم بۆنەیەوە ڕوومان دەکەینە کۆمەڵگەی فەرهەنگی و کولتووریی کوردستان، چالاکانی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان، مامۆستایانی نیشتمانپەروەری ئایینی و قوتابخانەکان، خوێندکاران و قوتابییان، لاوان و دایکان و سەرجەم جەماوەری خەڵکی کوردستان، بە هەر شێوەیەک بۆیان دەگونجێت پشتیوانی و بەشداریی کەمپەینی "زمانی من، ناسنامەی منە" بکەن. هەر لەم پێوەندییەدا داوا لە تاک بەتاکی کۆمەڵگەی کوردستان دەکەین لەم چەند ڕۆژەدا - تا ڕۆژی ٢ی ڕەشەممە – لە خوێندنەوە و نووسینی شێعر یان هەر دەقێکی جوانی کوردی و بڵاوکردنەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بگرە تا بەڕێوەبردنی کۆڕ و کۆبوونەوەی جۆراوجۆر و داهێنانی دیکە، لەم کەمپەینەدا خۆیان بە بەشدار بزانن.
بە بەشداریتان لە کەمپەینی "زمانی من، ناسنامەی منە" ئەرکێکی نەتەوەیی بۆ پاراستنی ناسنامەی کوردیمان بەڕێوە دەبەن و بە داهێنانە جوان و پڕ واتاکانتان، کەمپەینەکە دەڕازێننەوە و پەیامێکی قورس و قاییم بە گوێی نەیارانی زمان و ناسنامەی نەتەوەییماندا دەدەن.
پیرۆز بێت ڕۆژی زمانی زگماکی
لە گەشە و پەرەئەستاندندا بێت زمانی شیرینی کوردی
ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی
١٢ی فێوریەی ٢٠٢٦