کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی شەهیدێک لە ناوچەی سەردەشت

10:41 - 23 رێبەندان 2725

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، خاتوو خەدیجە فەرهوودی ناسراو بە پوورە خەج، خەڵکی گوندی کونەمشکێ لە ناوچەی سەردەشت بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

پوورە خەج ژنێکی نیشتمانپەروەر و حیزب خۆشەویست و لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەری ناوچەکەدا پەروەردە بووە. ماڵەکەیان وەک بنکەیەکی حیزبی هەموو کات جیگای حەوانەوەی کادر و پێشمەرگەکانی حیزب بوو.

کوڕی گەورەی پوورە خەج بە ناوی کاک ڕەحمان مەحموودی لەگەڵ کچێکی بە ناوی خاتوو ئامینە مەحموودی بۆ ماوەی زیاتر لە چل ساڵە وەک پێشمەرگە و ئەندام لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندان و کوڕێکی دیکەی بە ناوی ئەبووبەکر مەحموودی ئەندامێکی دڵسۆز و چالاکی حیزب بوو بۆ هەموو ئەرک و مەئمورییەتێکی حیزبی ئامادەی فیداکاری بوو بەداخەوە لە ١٦ی خاکەلێوەی ٨٥ی هەتاوی لە تەمەنی گەنجیدا بەهۆی نەخۆشییەکی کوتوپڕ ماڵاوایی لە ژیان کرد.

پوورە خەج هەموو کوڕ و کچەکانی بە ڕۆحی شۆڕشگێری و نیشتمانپەوروەری پەروەردە کردووە و کوڕێکی دیکەی بەناوی ڕەحیم مەحمودی لە ئاکامی شەڕی ئێران و عێراق بە هۆی تۆپباران شەهید بووە.

​ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.