کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقینەوەی مین گیانی منداڵێکی ١٣ ساڵانی ئەستاند

11:08 - 23 رێبەندان 2725

منداڵێکی ١٣ ساڵان بە ناوی "ڕەحیم حەمیدی" بە هۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەی "چەم هێندی"ی شاری دێهلوڕان گیانی لەدەست دا.

ئەم ڕووداوە ڕۆژی سیشەممە ڕووی داوە و ئەم منداڵە سەرەڕای هەوڵەکانی تیمەکانی فریاکەوتن، بە هۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست داوە.

ئێران بۆ ماوەی چوار دەیەیە کە دووەمین وڵاتی ئالوودە بە مین لە جیهانە و بە وتەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ٨٠ لەسەدی ئەم زەوییانە خاوێن کراونەتەوە.

ئەحمەد وەحیدی وەزیری بەرگریی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٣٩٠دا ڕایگەیاند، نزیکەی چوار میلیۆن و ٢٠٠ هەزار هێکتار لە زەوییەکانی پێنج پارێزگای ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام و خووزستان مینیان تێدا چیندراوە.

٨٠ لەسەدی قوربانییانی تەقینەوەی مین و ماددە تەقەمەنییەکان، هاووڵاتییانی سێڤیل بوون.

ئالوودەبوونی ئەم پارێزگایانە بە نزیکەی ٢٠ میلیۆن جۆری مین و تەقینەوە، لە درێژەی شەڕی ئێران و عێراقدا و هەروەها مینە دژەنەفەرە چێندراوەکان لە سەرەتاکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی بووە.