کانوونی نووسەرانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا باسی لە دەسبەسەرکرانی دەیان نووسەر، ڕووناکبیر، خاوەن قەڵەم، شاعیر و وەرگێڕ لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە کرد.
لە بەیاننامەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕێبەندانی کانوونی نووسەرانی ئێراندا هاتووە کە "لە ڕەوتی سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتیی مانگی بەفرانبار و کوشتوبڕ و دەسبەسەرکرانی ناڕازییاندا، سەرکوتی نووسەران، شاعیران و وەرگێڕ و خاوەن قەڵەمەکان بەردەوامە".
لەو بەیاننامەدا، دەسبەسەرکرانی ٧ ئەندامی ئەو کانوونە لەوانەش ژنێکی نووسەر و دەرهێنەر پشتڕاست کراوەتەوە.
یووسف ئەنساری نووسەر و ئەندامی لێژنەی دەبیرانی ئەو کانوونە، عەلی ئەسەدوڵڵاهی شاعیر و ئەندامی کانوون، حەمیدڕەزا ئاخوندنەسیری نووسەر و دەرهێنەری تێئاتر، بروومەند ئەعزەمی پوور نووسەر، لێکۆڵەر و مامۆستا، قوربان بێهزادیان نژاد لێکۆڵەر و وەرگێڕ، داوود محەممەدینیا شاعیر و نووسەر و مێلیکا مەلەکمحەممەدی لە نووسەران و ئەندامانی دەسبەسەرکراوی ئەو کانوونەن.
بەپێی زانیارییەکان، شەش ئەندامی دیکەی ئەو کانوونە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.
کانوونی نووسەرانی ئێران ناوەندێکی سێنفی ـــــ ناحکوومییە کە لە دەیەی چلی هەتاویدا دامەزراوە و لە ساڵی ١٣٤٧ی هەتاوییەوە بە شێوەی فەرمی دەستی بە چالاکی کردووە.