وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا سزای نوێی خستە سەر کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی زێڕی "جود سارل" و تۆڕی نێودەوڵەتیی کڕین و گواستنەوەی کاڵای سەر بە حیزبوڵڵای لوبنان.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە دوو ڕێکاری سەرەکیی حیزبوڵڵا کە لە ڕێگەی ئێران و بە کەڵکوەرگرتن لە بەشی ماڵیی نافەرمیی لوبنانەوە بۆ دابینکردنی ماڵی و پشتیوانی لۆجستیکی لەو گرووپە چالاکییان دەکرد، سزا دراون.
کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی زێڕێ "جود سارل" لەژێر چاوەدێریی دامەزراوەی "قرضالحسن" چالاکی دەکات و پاشماوەی زێڕی حیزبوڵڵا دەکاتە پارە و ئەو سەرچاوانە بۆ توانایی نیزامی حیزبوڵڵا بەکار دێنێت.
ئەو سزایانە هەروەها تۆڕێ نێودەوڵەتیی کڕین و گواستنەوەی کاڵا بۆ ئەو گرووپە لەخۆ دەگرێت کە لەلایان پشتیوانانی حیزبوڵڵا لە وڵاتە جیاوازەکان لەوانە ئێران بەڕێوە دەچن.
لەلایەکی دیکەوە، عەلی قەسیر، ئەندامی تیمی ماڵیی حیزبوڵڵا کە لە ئێران دەژیت وێڕای شەریکەکانی کە لە پرۆسەکانی کڕین و فرۆشتنی چەک چالاکی دەکەن، سزا دراون.
بەپێی ئەو سزایانە، تەواوی سامان و دارایی ئەو کەس و دامەزراوانە لەناو ئەمریکا و یان لەژێر کۆنترۆلی ئەو وڵاتە بلۆکە دەکرێن.
سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لەوبارەوە وتی کە حیزبوڵڵا هەڕەشەیەک بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و هەوڵ دەدەین ئەو گرووپە لە نیزامی ماڵی جیهانی جودا کەینەوە.