کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨ مامۆستا لە خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباردا دەسبەسەر کران

12:04 - 23 رێبەندان 2725

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران ڕایانگەیاندووە کە لە ڕەوتی سەرکوتی خوێناویی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار لە کوردستان و ئێران، لانیکەم ٨ مامۆستا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆیی "هێرانا" لە زاری ئەندامانی کانوونی سێنفی مامۆستایانەوە ڕایگەیاند: عەلی شەمایلی خەڵکی سونقوڕ، مەسعوود کیانی خەڵکی شاباد، مەستوورە نەریمانی خەڵکی ئەهواز، ئەمیر ڕەحیمی خەڵکی ئەزنا، ستار زارعی خەڵکی خومەینی‌شار، شێروین حەمیدە خەڵکی کەرەج، فەرهاد ڕەحمانی خەڵکی تاکستان و عەلی ئیمانی خەڵکی لۆرستان لە خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار دەسبەسەر کراون.

لەو ڕاپۆرتە هاتووە کە ئەو مامۆستایانە لە دوای ١٨ی بەفرانبار و لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکان دەسبەسەر کراون و چالاکانی سینفی مامۆستایان داوای ئازادیی دەسبەجێی هەموو مامۆستایانی دەسبەسەرکراو دەکەن.