کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نویسکاری شۆرای باڵای ئەمنییەتیی میللیی ڕێژیم لەگەڵ ڕێبەرانی حەماس لە قەتەر کۆ بوویەوە

12:19 - 23 رێبەندان 2725

گرووپی حەماس لە بەیاننامەیەکدا باسی لە چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەی محەممەد دەروێش سەرۆکی شۆرای ڕێبەری و ئەندامی شاندی باڵای ئەو گرووپە لەگەڵ عەلی لاریجانی نویسکاری شۆرای باڵای ئەمنییەتیی میللیی ڕێژیم لە قەتەر کردووە.

بەپێی بەیاننامەی حەماس، محەممەد دەروێش هۆشداریی داوە کە هەر جۆرە هەوڵێکی سەربازی دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی یان هەر وڵاتێکی دیکە لە ناوچەکە، دەتوانێت ببێتە هۆی ناسەقامگیری و نائارامیی ناوچەکە.

لە بەرانبەردا، عەلی لاریجانی دوایین ئاڵوگۆڕە نێوخۆییەکانی ئێران و ڕەوتی دانوستانەکانی نێوان ڕێژیم و ئەمریکای خستووە بەر باس.

هەمان ڕۆژ شێخ تەمیم، ئەمیری قەتەر لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا باسیان لە دوایین ڕووداوە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان کردووە.

 دۆخی نێوخۆیی ڕێژیمی تاران و ئاڵوگۆڕییەکانی ئەم دواییانەی ناوچەکە لە تەوەری سەرەکیی ئەو پێوەندییە بووە.

هەروەها نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ دۆناڵد ترامپ لە کۆشکی سپی کۆ بووەتەوە و ڕوانگە و داخوازیی ئیسرائیل لەبارەی دانوستانە ناوکییەکانی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی تارانیان خستووەتە بەر باس.

پێشتر وڵاتانی ناوچەکە بە نیگەرانییەوە ڕایانگەیاندبوو کە ئەگەری هەیە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر هەر سزا و سنووردارکردنێکی ناوکی و مووشەکیدا، هەوڵەکانی بۆ دووبارە بەهێزکردنەوەی حوسییەکان، حیزبوڵڵا، حەماس، حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکانی ئەفریقا بخاتەوە گەڕ و شەڕ و نائارامییەکانی ناوچە پەرە بسێنێت.