کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی ئاژانسی وزەی ناوکی لەبارەی نوێترین هەوڵە ناوکییەکانی ڕێژیم

16:33 - 23 رێبەندان 2725

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی لەبارەی هەوڵە ناوکییەکانی ڕێژیمی تارانەوە نیگەرانیی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند: "ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئۆرانیۆمی پیتێندراو هەر لەو بنکانەدان کە لە ڕەوتی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا کرانە ئامانج".

ڕافائێل گروسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی ڕایگەیاند: "بەوردی ئاگاداری ئەوەین کۆماری ئیسلامی ٤٠٠ کیلۆگرەم ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ٦٠ لەسەدیی هەر لەو بنکانەدا ڕاگرتووە کە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە لە شەڕی ١٢ ڕۆژە کرایە ئامانج".

گروسی لەسەر ئەوە باوەڕەیە کە ئەو بابەتە بە جیددیی جێگای نیگەرانییە، تەنانەت ئەگەر داپۆشرابێت و لەژێر خاکەوە بێت.

ناوبراو ئاماژەی بە بنکەی ناوکیی تازەدامەزراوی ڕێژیم لە ئێسفەهان کردووە.

گروسی وتیشی: "هیچ زانیارییەک لەسەر ئامانج، چەندایەتی و چۆنایەتیی ئەو بنکەیە لەبەر دەستدا نییە".

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی لە ٥ی بەفرانباری ئەمساڵیشدا ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران بە زیادکردنی ڕێژەی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە ئاستێکی بەرزدا، لە ئێستادا بەشی پێویستی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ٦٠ لەسەدی هەیە، کە لە ئەگەری پیتاندنی زیاتردا دەتوانێت ٣ بۆمبی ناوکی دروست بکات.