لەگەڵ توندبوونەوەی گرژییەکانی نێوان واشنگتۆن و تاران، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووەمین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری خۆی ڕەوانەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کرد؛ هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی دانوستانە دیپلۆماسییەکان، ئەمە وەک هۆشداریدانێکی دیکەی ئەمریکا بە ئێران بە ئەژمار دێت.
بەپێی ڕاپۆرتی "ئاسۆشەیتێدپرێس"، فەرمانی گواستنەوەی کەشتیی فڕۆکەهەڵگریی "یوو ئێس ئێس جراڵد ئاڕ. فۆرد" لە دەریای کارائیبەوە بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەرچووە.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا بە دیاریکردنی مۆڵەتێکی مانگانە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، جەختی کردەوە کە ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن، "ڕۆژێکی خراپ" چاوەڕێی تاران دەبێت.
هاوکات، ڕۆژنامەی "نیۆیۆرک تایمز" بڵاوی کردەوە کە پێنتاگۆن خۆی بۆ سیناریۆی ئەگەری شەڕی نیزامی ئامادە دەکات.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزێکی دەریایی کە لە هەشت کەشتیی جەنگیی تەیارکراو بە مووشەکی ڕێنماییکراو پێک هاتووە و سیستمەکانی بەرگریی مووشەکیی زەمینی و ژێردەریاکانی هەڵگری مووشەکی کروزی تاماهاک لە حاڵەتی بەهێزکردندان.
بەرپرسانی نیزامی وتوویانە کە ئەم شێوازە جگە لە توانای هێرشبەری، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەگەری تۆڵەسەندنەوەی ئێرانیش داڕێژراوە.
لە هەمان کاتدا، دامەزراوەی ڕادیۆ و تلوێزیۆنی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە بێنیامین نێتانیاهوو لە سەفەری ئەم دواییەیدا بۆ واشنگتۆن، کاریگەریی لەسەر هەڵوێستەکانی ترامپ بەرامبەر بە ئێران هەبووە.
سەرەڕای جەختکردنەوەی کۆشکی سپی لەسەر بەردەوامیی ڕێگەی دیپلۆماسی، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەبری ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن بەرەو کۆتایی دەچێت.