ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەیان بە سەرکوتی قوتابییان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە کردووە و ڕایگەیانگەیاندووە: "سەرکوت لە ئێران پۆلەکانی تەنیوە".
شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی ڕێبەندان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: "بازنەی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار لە ئێستادا نێو قوتابخانە و پۆلەکانی بە شێوەیەکی مەترسیدار گرتووەتەوە".
ئەو شۆرایە بە پشتبەستن بە چەندین بەڵگەی باوەڕپێکراو ڕایگەیاند: "ڕاپشکنین (تەفتیش عەقاید) لە قوتابخانە و خوێندنگەکان بە شێوەی سیستماتیک بەردەوامە".
زانیارییەکانی ئەو شۆرایە دەری دەخات کە مۆرە لیباس شەخسییەکانی ڕێژیم هەموو پێکهاتەکانی خوێندن و پەروەردەیان تەنیوە و کەشێکی ترسێنەریان خولقاندووە.
کارناسانی باڵای پەروەردە و خوێندن نیگەرانیی خۆیان لەمەڕ ئاسەواری ئەو جۆرە هەڵسوکەوتەی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و سیاسەتی بە پادگانکردنی خوێندگەکان دەربڕیوە.
هەروەها کارناسان لەسەر ئەو بڕوایەن کە ئەو هەوڵانە دەبنە هۆی بێمتمانەیی نێوان قوتابی و مامۆستایان.
بەپێی زانیارییەکانی بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار هەتا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ قوتابی بە شێوەی توندوتیژانە دەسبەسەر کراون.
پێشتریش ڕێکخراوە مافی مرۆیی و داکۆکیکارانی مافی منداڵان لەبارەی دەسبەسەرکرانی ڕێژەیەکی بەرچاو لە قوتابییان و منداڵانی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ هۆشدارییان دابوو و ئەو هەوڵانەی ڕێژیمیان بە پێشێلکردنی مافی منداڵان و دژایەتیی لەگەڵ جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ لە قەڵەم دابوو.