کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێژیم هیچ ئامارێکی خۆپیشاندانەکانی بڵاو نەکردووەتەوە

11:40 - 25 رێبەندان 2725

فاتمە موهاجێرانی وتەبێژی ڕێژیمی ئێران باسی لە تەواونەبوونی ڕاپۆرتی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێژیم لەسەر دۆسییەی خۆپیشاندانەکان کردووە. ناوبراو ڕاگەیاندووە کە ڕاپۆرتی کۆتایی دوای تەواوکردنی پرۆسەکە بڵاو دەکرێتەوە.

پێکهێنانی ئەم کۆمیتەیە پێشتریش لەلایەن موهاجێرانییەوە ڕاگەیەندرابوو، بەڵام هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لە ناوەڕۆک و چۆنییەتیی کار و دەسەڵاتی ئەم کۆمیتەیە نەدابوو.

هەتا ئێستاش دوای تێپەربوونی ماوەیەکی زۆرهیچ ڕاپۆرتێک لەمبارەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا هەزاران کەس کوژران و لەمبارەوە دامەزراوەکانی ئێران ڕێژەی کوژراوانیان سێ هەزار کەس ڕاگەیاند.

هاوکات ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە دەرەوەی ئێران لەوانە هیرانا بڵاوی کردووەتەوە کە شوناسی حەوت هەزار و پێنج کەس لە کوژراوان پشتڕاست کراونەتەوە و ١١ هەزار و ٧٣٠ حاڵەتی دیکە لەژێر لێکۆڵینەوەدان.

بەرپرسانی ئێرانی بە چەواشەکردنی ڕاستییەکان ڕایانگەیاندووە کە زۆربەی کوژراوان لە هێزە بەناو ئەمنییەکانی ڕێژیمن، لە نێوانیاندا کەسانی تەمەشاکەریش هەبووە کە لەلایەن تێرۆریستانی سەر بە ئیسرائیل و ئەمریکاوە کوژراون، بەڵام ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان باس لەوە دەکەن کە هێزە بەناو ئەمنییەکانی ئێران ناڕازیانییان کردوونەتە ئامانج و تەقەیان لێ کردوون.