مای ساتۆ، ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕۆژی هەینی ٢٤ی ڕێبەندان ١٤٠٤، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک نیگەرانیی سەبارەت بە ئەگەری دەرکردنی سزای لەسێدارەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەربڕی و لەبارەی کەمکورتیی "بنەمای دادگاییکردنی دادپەروەرانە" لە ڕێوشوینە یاساییەکاندا هۆشداریی دا.
ناوبراو لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، ئامارێکی ورد سەبارەت بە ژمارەی دەسبەسەرکراوان، شوێنی مانەوە و بارودۆخیان لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی مای ساتۆ، تا ئێستا ڕوون نییە کە چەند کەس لە دەسبەسەرکراوان سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە یان سزاکەیان جیبەجێ کراوە.
ناوبراو، ئاماژەی بە ژمارەی قوربانییان کرد و وتی: لەکاتێکدا کە دەوڵەت ئامارێکی زیاتر لە ٣ هەزار کەسی ڕاگەیاندووە، ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئاماژە بە ئامارێکی زۆر زیاتر دەکەن، کە "لەپشت ئەم ژمارانەوە ژیانی مرۆڤەکان هەیە".
ڕیپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ئاماژەدان بە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار، ڕایگەیاندووە، ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات دیاردەیەکی نوێ نییە، ئەو شێوە سەرکوتانەی لە دۆسییەکانی پێشووتردا تۆمار کراون، دوابەدوای ناڕەزایەتییە سەرانسەییەکان بە شێوەیەکی فراوانتر خەریکی دووبارەبوونەوەن.