ناوەندی نێودەوڵەتیی تایبەت بە هەوڵی ماڵی ناسراو بە ئێف ئەی تی ئێف لە دوایین کۆبوونەوەی گشتیی خۆیدا ڕایگەیاند کە بەشێکی بەرچاو لە مەرجەکانی کۆماری ئیسلامی لەبارەی کۆنڤانسیۆنی پالێرمۆ و بەرەنگاربوونەوەی سەرچاوە ماڵییەکان قبووڵ نەکراوە و ڕێژیمی تاران هەر لە پێڕستی ڕەشدا دەمێنێتەوە.
بەپێی بەیاننامەی ئێف ئەی تی ئێف، لە کۆی ١٠ مەرجی ڕێژیمی تاران کە بۆ کۆنڤانسیۆنی نێونەتەوەیی پێشنیار کراوە، ٥ مەرجیان بەهۆی ناتەبا بوون لەگەڵ ستاندارەکانی ئەو ناوندە، قەبووڵ نەکراوە.
لە بەشێکی ئەو بەیاننامەدا هاتووە کە "ئیران هەرلە پێڕستی وڵاتانی مەترسیداردا دەمێنێتەوە".
مانەوەی ڕێژیمی تاران لە پێڕستی ڕەشی ئەو ناوەندەدا بە واتای بەردەوامیی گوشارە ماڵی و بانکییەکان دژ بەو ڕێژیمەیە.
کۆبوونەوەی ناوەندی نێودەوڵەتیی تایبەتی هەوڵی ماڵی ڕێکەوتی ٢٢ هەتا ٢٤ی ڕێبەندان لە مێکزیکۆسیتی بەڕێوە چوو.
ئەو ناوەندە، ناوەندێکی نێودەڵەتییە کە ستانداردەکانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی سەرچاوەی ماڵیی تێرۆریزم دیاری دەکات و کردەوەی وڵاتان لەو بارەوە هەڵدەسەنگێنێت.