کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ساڵیادی دامەزراندنی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان

19:54 - 25 رێبەندان 2725

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی لە یەکێک لە بنکە سەرەکییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یادی ٢١ـەکەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان کرایەوه.

ئەم ڕێوڕەسمە کە بە بەشداریی ئەندامانی ڕێکخراو و هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی ڕێبەری و ئەندامانی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو، بە سروودی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەن ساتێک بێدەنگی بۆ رێەگرتن لە شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان هەردی سەلیمی، سکرتێری ڕێکخراو پەیامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی پێشکەش کرد، کە لە بەشێک لە پەیامەکەیدا هاتبوو: "بۆ گەیشتن بە ڕزگاری، بۆ ئازادبوون لە ژێردەستی، بۆ مسۆگەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکانمان، بۆ بەدەست‌هێنانی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، بۆ ئاگاکردنەوەی کۆمەڵگە، بۆ تێئۆریزەکردنی خواستەکانمان دەبێ سەرنجێکی زۆر زیاترمان لەسەر زانکۆ و توێژی خوێندکار بێت، پێویستە گرنگیی زیاتر بەم سەنگەرە پڕکاریگەرە بدەین."

لە بڕگەی دواتر د. ئەکرەم میهرداد، نووسەر و چالاکی سیاسی باسێکی لەسەر گرینگیی بزووتنەوەی خوێندکاری کرد و لە بەشێک لە باسەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد: "توێژی خوێندکار، توێژێکی ئاگا، دێموکرات، بەهەڵوێست و ڕادیکالن و دەتوانن کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی شۆڕشەکان هەبێت و جێ‌پەنجەیان بە گۆڕانکارییەکانەوە دیار بێت و ئاراستەیەکی دیاریکراویان پێ بدەن؛ بۆیە گرینگە سەرنجی تایبەتیان لەسەر بێت."

لە بەشێکی تر لە ڕێوڕەسمەکەدا ئەو خوێندکارانەی کە لە ساڵی ڕابردوودا خوێندنیان بەسەرکەوتوویی تەواو کردبوو، لەلایەن ڕێکخراوی خوێندکارانەوە خەڵات کران.

شایانی باسە گرووپی مۆسیقای سەحەر بە هاوکاریی کۆڕی هونەریی حیزبی دێموکرات و بە دەنگی پێشمەرگەی بەهرەمەند و دەنگخۆش، هێمن کەریمی سروودێک و چەند کۆپلەیەک مووزیک و گۆرانییان پێشکەشی ئامادەبووان کرد.