ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتێرز" بڵاوی کردەوە کە خولی دووەمی دانوستانە ناوکییەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕێبەندان لە شاری ژنێڤی سویس و بە نێوبژیوانی عومان بەڕێوە دەچێت.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە کە شاندی ئەمریکا پێکهاتوو لە ستیڤ ویتکاف، نوێنەری تایبەتی واشنگتۆن بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەرد کۆشنەر، ڕاوێژکاری دۆناڵد ترامپ، بەیانی ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی کۆ دەبنەوە.
دانوستانەکان لەژێر چاوەدێریی عوماندا بەردەوام دەبن و دوای دیدارە سەرەتاییەکە، گفتوگۆکان بە ئامادەبوونی شاندی هەر دوو وڵات بەڕێوە دەچن.
پێشتریش لە مەسقەتی عومان، گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لە نێوان تاران و واشنگتۆن ئەنجام درابوو کە هەر دوولا بە پێشکەوتنی کەم وەسفیان کردبوو، هەرچەندە ناکۆکییە بنەڕەتییەکان لەسەر بەرنامەی ناوکی و هێڵە سوورەکانی هەردوولا هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە.
بەڕێوەچوونی خولی دووەمی دانوستانەکان لە ژنێڤ لەکاتێکدایە کە هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی ڕێگەی دیپلۆماسی، بەرپرسانی ئەمریکا باسیان لە تاوتوێکردنی بژاردەکانی دیکە لەوانە سیناریۆی نیزامیان کردووە کە ئەوەش وای کردووە کە کەشی دانوستانەکان هەستیار و یەکلاکەرەوە بێت.