کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری ناوەندە فەرمییەکانی ڕێژیم لەگەڵ ڕاستییەکانی بازاڕی کار یەک‌ ناگرێتەوە

11:03 - 26 رێبەندان 2725

ناوەندی ئاماری ئێران لە نوێترین ڕاپۆرتی "سەرژمێریی هێزی کار"دا ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی بێکاری لە پاییزی ١٤٠٤دا بە ٧.٨ لەسەد بووە و ڕێژەی بەشداریی ئابووریش ٤٠.٧ لەسەد ڕاگەیەندراوە کە بە بەروارد لەگەڵ ساڵی پێش دابەزیوە.

بەپێی ئەو داتایانە، نزیکەی ٦٠ لەسەدی حەشیمەتی تەمەن گونجاو بۆ کار لە پاییزی ١٤٠٤دا نە خاوەن کار بوون و نە تەنانەت لە گەڕان بەدوای کاردا بوون و سەرەڕای ئەم ڕاستییە، ناوەندی ئامار هێشتا ڕێژەی بێکاری بە تاک‌ڕەقەم ڕادەگەیەنێت.

ڕێژەی بێکاریی گەنجانی ١٥ بۆ ٢٤ ساڵ گەیشتووەتە ٢١.٥ لەسەد و بێکاری لە گرووپی تەمەنی ١٨ بۆ ٣٥ ساڵیشدا بە ١٥.٩ لەسەد ڕاگەیەندراوە کە هەردووکیان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو زیادیان کردووە.

لە شێوازی هەژمارکردنی ئەم ناوەندەدا، ئەو کەسانەی لە کارگەی بنەماڵەیی کار دەکەن یان لەو حەفتەیەی کە ئامارەکەی تێدا کۆ کراوەتەوە تەنیا یەک ڕۆژ کاریان کردووە، وەک خاوەن کار هەژمار دەکرێن.

بەم شێوەیە، کەمبوونەوەی ڕێژەی بەشداری و چوونەدەرەوەی بەرفراوانی کەسەکان لە بازاڕی کار، لە جیاتی ئەوەی وەک نیشانەی قەیران سەیر بکرێت، لە ئامارە فەرمییەکانی ڕێژیم بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی بێکاری.

لە دۆخێکدا کە ئابووریناسان باس لە لەناوچوونی نزیکەی یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار هەلی کار لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٤ەوە دەکەن و چالاکانی کرێکاریش هۆشداری دەدەن لە قووڵبوونەوەی داتەپینی ئابووری (رکود)، ئامارە فەرمییەکان زیاتر لەوەی ڕەنگدانەوەی ڕاستییەکان بن، وەک هەوڵێک بۆ بچووک نیشاندانی قەیرانی بێکاری هەڵدەسەنگێندرێن.