لە درێژەی ڕەخنەی هەندێک لە میدیا ڕۆژاواییەکان، سەبارەت بە پێدانی تیکی شین بە بەرپرسانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ئەم پلاتفۆرمە وردەوردە نیشانەی "تیکی شین"ی لە ئەکاونتی ئەو کەسانە لا بردووە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئیلان ماسک، خاوەنی تۆڕی ئێکس، ڕەنگە بە هۆی وەرگرتنی پارەی بەشداریکردنی "پریمیۆم" لە هەندێک بەرپرسی ئێرانی، کە لە لیستی سزاکانی ئەمریکادان بەرەوڕووی ئاستەنگی یاسایی پەیوەست بە یاساکانی سزادانی ئەمریکا ببێتەوە.
بەپێی ڕێسای سزاکانی ئەمریکا، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی دارایی بۆ کەس و ڕێکخراوە سزادراوەکان، بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی یاسایی، پێشێلکردنی ئەم یاسایانە بە ئەژمار دێت.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، تیکی شین لە ئەکاونتی بەکارهێنەرانی وەکوو، عەباس عێراقچی، عەلی لاریجانی، غوڵامحوسێن موحسینی و عەلی ئەکبەر ویلایەتی سەندراوەتەوە.
تیکە شینەکەی سەر ئەم پلاتفۆرمە بە نیشانەی پشتڕاستکردنەوە بۆ ئەکاونتی بەکارهێنەر ناسراوە و بە پێدانی پارە دابین دەکرێت.