ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری" لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاماژەی بە ناڕوونیی چارەنووسی ١١ هاونیشتمانیی دیکەی خەڵکی ئیلام دوای دەسبەسەرکرانیان لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە کردووە.
ماڵپەڕی "خۆڕاگری" باسی لە دەسبەسەرکرانی ئەو ١١ هاونیشتمانییە لە ڕێکەوتی ٩ هەتا ٢٢ی ڕێبەندان لە شارە جیاجیاکانی ئیلام بەبێ بەڵگەی یاسایی کرد.
هەتا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەبارەی تۆمەتی وەپاڵدراو و شوێنی دەسبەسەرکرانیان لەبەر دەستدا نییە و ئەوەش نیگەرانیی جیددیی بنەماڵەی ئەو هاونیشتمانییانەی لێ کەوتووەتەوە.
ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم وڵامی داخوازی و بەدواداچوونی بنەماڵەی دەسبەسەرکراوان لەمەڕ ئاگاداربوون لە دۆخی جەستەیی و دەروونیی ئەم کەسانەیان نەداوەتەوە.
پێشتریش ڕێکخراوی مافی مرۆیی "کوردپا" ڕایگەیاند؛ لە ماوەی زەمەنیی ١٨ی بەفرانبار تا ١٤ی ڕێبەندان، لانیکەم ١٣ هاووڵاتیی خەڵکی شارە جیاوازەکانی ئیلام لەلایەن هێزە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.