ماڵپەڕی هەواڵیی "ئاکسیۆس" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە دۆنالد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا و بێنیامین نتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە دوایین چاوپێکەوتنیاندا ڕێککەوتن کە هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ چین وەگەڕ بخەن.
ئاکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل لەسەر توندترکردنی "گوشاری لانیزۆر" لە دژی کۆماری ئیسلامی جەختیان کردووەتەوە و یەکێک لەو هەنگاوانە لە چوارچێوەی فرۆشی نەوتی ئێران بۆ چین دەبێت.
ترامپ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەمریکا لەگەڵ هیند بۆ ڕاگرتنی کڕینی نەوتی ئێران ڕێک کەوتوون و ئەو وڵاتە نەوتی ڤێنێزوێلا جێگوزینی نەوتی ئێران دەکات.
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها هەڕەشەی کردووە کە ئەگەری هەیە باجی ٢٥ لەسەدی بخاتە سەر هەر وڵاتێک کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بازرگانی بکات.
دۆناڵد ترامپ لە ساڵی ٢٠٢٥ و تەنها دوو حەفتە دوای دەستبەکاربوونی، بە واژۆکردنی یادداشتنامەیەک کە بووە نەخشەڕێگای دەوڵەتەکەی بەرامبەر تاران، سیاسەتی "گوشاری لانیزۆر"ی دژی کۆماری ئیسلامی زیندوو کردەوە.
ئەم یادداشتنامەیە جەخت لەسەر چوار تەوەری سەرەکی دەکاتەوە کە یەکێک لەوانە "گەیاندنی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ ئاستی سفرە".